بزووتنەوەی گۆڕان یەکگرتنەوە لەگەڵ یەکێتی رەتدەکاتەوە

21-05-2023
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان
لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رێکخەری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، دەستپێشخەرییەکەی یەکێتی بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان رەتدەکەنەوە و گوتی، "ساڵێکە بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەیە و دەمانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە و لەگەڵ ئەندامە دوورکەوتووەکانیشمان ئاشت ببینەوە". 

رۆژی هەینی، 19-05-2023، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی کۆچی دوایی رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "‏‎ئەم یادە بە دەرفەت دەزانم تاوەكو ‏‎بە هەموولایەکی رابگەیەنم یەکێتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو رێککەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-05-2023، هۆشیار عومەر، رێکخەری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە رێگەی رووداوەوە وەڵامی داواکەی بافڵ تاڵەبانی دایەوە و گوتی،"وەڵامە کورتەکە ئەوەیە، شتی وەها روونادات. وەڵامە درێژەکەش ئەوەیە، ئەم بابەتە نوێ نییە و پێش تەواوبوونی چلەی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەم بابەتە باسکرا، بەڵام وەڵامیان ئەوە بوو کە بزووتنەوەی گۆڕان سێ رێککەوتنی لەگەڵ یەكێتی هەیە؛ یەکێکیان تایبەت بە حکومەتە خۆجێیەکان کە جێبەجێ نەکراوە و ئەوەیشی کە جێبەجێ کراوە، بە کەموکوڕییەوە جێبەجێ کراوە. رێککەوتنێکی دیکەی سیاسی لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی واژۆ کراوە کە مام جەلال لە ژیاندا بووە، بە واژۆی نەوشیروان مستەفا و کۆسرەت رەسووڵ، کە تەواوی پرسە ستراتیجییەکانی لەخۆ گرتووە؛ ئەوەش جێبەجێ نەکراوە و جڤاتی نیشتمانی هەڵی پەسارد. دواجار ئەزموونی هاوپەیمانی بۆ دوایین هەڵبژاردنی عێراق هەبوو، کە ئەویش سەرکەوتوو نەبوو". 
 
هۆشیار عومەر ئاماژە بەوە دەکات کە "هەموو رێککەوتنەکان بۆئەوە بوون چاکسازی بکەین لە بوارە جیاجیاکاندا، بەڵام یەکێتی هەنگاوی پێویستی نەناوە بۆ جێبەجێکردنیان، بۆیە ئێستا زەمینەی ئەوە نییە و بزووتنەوەی گۆڕانیش خۆی بە بەرپرسیار نازانێت لەو رێککەوتنانەی هەبوون و جێبەجێ نەکراون، چونکە کاری لەپێشینەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ مافی گشتی بووە و زۆرجار لە مافی خۆیشی خۆش بووە کە دەنگدەرانی لەسەر ئەوە رەخنەیان هەبووە و سزاشیان داوە". 
 
لەبارەی هەوڵی کۆبوونەوەی گشتیی لایەنە سیاسییەکان و باسکردن لە کێشە هەنووکەییەکانی کوردستان، رێکخەری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی گۆڕان دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان کێشەی سیستم هەیە؛ کێشەی ئەوەشمان هەیە لە ساڵی 1992ـەوە حیزب دەست دەخاتە نێو هەموو کاروبارێکەوە لە هەموو بوارەکان؛ رەنگە باشترین شتێک کە ئێستا حیزبەکان بیکەن ئەوە بێت کە واز لە حکومەت بێنن و دەستی لێ هەڵگرن، لێ بگەڕێن حکومەت، دادگە، دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی کاری خۆیان بکەن". 
 
ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوەش دەکات کە "ئێمە هەموو گفتوگۆ و رێککەوتنێک بە هەنگاوی گرنگ دەزانین، چونکە کورد هەموو رێگەکانی دیکەی تاقیکردووەتەوە؛ قەدەری ئێمە وەکو خەڵکی کوردستان بەیەکەوەیە؛ یەکێک لە دەردە کوشندەکانیشمان ناکۆکی نێوخۆییە کە ئێمەی لاواز کردووە بەرامبەر بەغدا و دراوسێکان و جیهان؛ بۆیە ئارامگریی خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش گەیشتووەتە کۆتایی". گوتیشی "لە هیچ شوێنێکی جیهان ئەوە نییە حیزبێک هەڵبژاردنی بەدڵ بێت یان بە دڵی نەبێت هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت یان نا؛ هەڵبژاردن مافی خەڵکە و دەبێت چوار ساڵ جارێک بکرێت".
 
زیاتر لە ساڵێکە بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەیە و هەوڵێکیش هەیە بۆ ئاشتکردنەوەی ئەندامە دوورکەوتووەکانی نێو بزووتنەوەکە. هۆشیار عومەر دەڵێت، "بڕیاری هەردوو جڤات هەیە کە ئێمە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە لەگەڵ هاوڕێکانمان. هەندێک لەو هاوڕێیانەی دوورکەوتوونەتەوە، بیانگەڕێنینەوە و بڕیاری یەکلاکەرەوەش دەدەین دەربارەی بەشداریکردنمان لە حکومەت و هەنگاوی داهاتووی بزووتنەوەی گۆڕان، چونکە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتیش وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە". 
 
هۆشیار عومەر دەڵێت، "بۆ بەشداریکردن لە حکومەت بزووتنەوەی گۆڕان وەک حیزبەکانی دیکە ناکات و بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت؛ لەو شوێنانەی کە هەیە بەپێی ئەو قەبارەیەی بەشداری کردووە". 
 
لەبارەی هەڵبژاردنیش، رێکخەری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی گۆڕان گوتی، "ئەوەی رێکناکەوێت لەسەر هەڵبژاردن تەنیا یەکێتی و پارتین، بەڵام هەندێک لایەنی سیاسی نایانەوێت بچنە هەڵبژاردنێکەوە کە بەر سزای خەڵک بکەون". 
 
یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کە لە چەند مانگی رابردوودا نەتوانراوە بگەنە رێککەوتن لەسەری، پرسی کورسیی کۆتاکانە. یەكێتی داوا دەکات، سیستمی هەڵبژاردنی کۆتاکان فرە بازنەیی بێت و کورسییەکان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێن، پارتیش رایگەیاندووە کە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لە سیستمەکە بدەن.
 
لەبارەی هەڵوێستی گۆڕان لەسەر ئەو بابەتە، هۆشیار عومەر دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ پێكهاتەکان کۆبووینەتەوە و زۆربەیان دەڵێن: ئەو کەسانەی ئێستا لە پەرلەمانن، نوێنەری ئێمە نین. ئێمە پێمان وایە، میکانیزمی هەڵبژاردن بۆ پێکهاتەکان، یەکەم شت دەستووری بێت، دووەم دەبێت گەرەنتی ئەوە بکرێت کە پێکهاتەکان بتوانن نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن، واتە نابێت تۆ چارەسەر بسەپێنیت بەسەریاندا. سێیەمیش ئەوەیە کە میکانیزمەکە ئەوە بێت بتوانن دەنگ بۆ خۆیان بدەن، چونکە زۆرجار پێکهاتەکان لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگیان هێناوە، ئەوە شتێکی زۆر بێ مانایە و نابێت بمێنێت؛ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای ئێمەدا هەیە کە دیموکراسی و دەستووریشە، بەپێی رێژەی دەنگدان بێت، بۆ نموونە کە پەرلەمانتارێکی ئاسایی بە هەشت هەزار دەنگ ببێتە ئەندام، پێکهاتەکان لانیکەم بۆ دەرچوون دوو هەزار دەنگیان هەبێت؛ ئەمە وادەکات، کەسێک بە دەنگێکی کەم نەبێتە پەرلەمانتار، هەروەها ئەو کەسانەی لەنێو پێکهاتەکاندا متمانەی خەڵکەکەیان هەیە، بتوانن دەنگی پێویست بهێنن و نوێنەرایەتی راستەقینەی ئەوان بکەن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە