ئامادەکردن: رەنجە جەمال و بەهرۆز فەرەیدوون
رووداو دیجیتاڵ
پارتی و یەکێتی لە مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام کۆبوونەوە و دوای سێ کاژێر و نیو گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمی هەڵبژاردنی 11 کورسییەکەی کۆتاکان، نەگەیشتنە رێککەوتن، کە بەربەستی سەرەکیی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووە لە هەرێمی کوردستاندا.
پارتی سوورە لەسەر ئەوەی پێکهاتەکان خۆیان بڕیاربدەن، ئەو بڕیارەی کە دەمێکە دەڵێن یەک بازنەیی هەڵبژاردنیان دەوێت، یەکێتیش سوورە لەسەر ئەوەی کورسیی کۆتاکان دابەشی سەر بازنەکانی هەڵبژاردن بکرێن.
لە بەیاننامەی هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی هاتووە، "ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و ژمارەیەک پرسی پەیوەست بە بارودۆخی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەردوولا تەوەری گفتووگۆکان بوون، لێکتێگەیشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەکان هەبوو، هەندێک بابەتی دیکە کە پێویستیان بە گفتووگۆی زیاتر هەیە، لە کۆبوونەوەکانی ئایندە بڕیاریان لێ دەدرێت."
هەربۆیە دوای کۆبوونەوەکە ئەندامانی شاندی هەردوولا بە وەڵامە سنووردارەکانیان ئەوەیان دەرخست کە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن ماوە و کۆبوونەوەی دیکەی بەدوادادێت.
پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە وەڵامی پەیامنێری رووداودا کە لێی دەپرسێت، کۆبوونەوەکان بەردەوامدەبن؟ دەڵێ "ئینشائەڵڵا".
عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، "لەسەر زۆر شت رێککەوتووین".
لەدوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە پیرمام، راستەوخۆ شاندێکی پارتی بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن. لەژێر رۆشنیایی بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی سەردانی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە، ئەمجارە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و چەند لایەنێکی دیکەی پێکهاتەکان کۆبوونەوە.
مستەفای سەید قادر، پێشڕەوی میواندارییەکە بوو لە پارتی، هەردوولا تەوقەو باوەشی گەرمیان هەبوو، باسی کەشوهەواو بارانی هەولێر دەستپێکی دانیشتنەکەیان بوو، دواتر، کەشوهەوای سیاسشیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسکرد.
جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی، "پرسی هەڵبژاردنەکان پرسێکی گەرمە. هەم پرسی هاووڵاتییانە هەم هی لایەنە سیاسییەکانە. دیارە بیروڕاکان زۆر لەیەکدییەوە نزیکن".
لای خۆیەوە، کاردۆ محەممەد، ئەندامی جڤاتی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی هەڵبژاردنەوە گوتی، "هەڵبژاردنێک بێ کە پاک و بێگەرد بێت لە کوردستاندا. بەهیوای ئەوەی بتوانین گفتوگۆکانمان بەو ئاڕاستەیەدا ببەین کە لە قازانجی خەڵکی کوردستاندا بێت."
وەفدەکەی پارتی چوونە لای پارتی سۆسیالیستیش، عەبدوڵڵای حاجی مەحموود پێشوازیی لێکردن، دوای نزیکەی کاژێرێک کۆبوونەوە، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی "هەرچی کاک عەبدوڵڵا بیڵێت ئێمە پێێ رازیین."
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی سۆسیالیست دیموکرات باسی لەوەکرد، "بۆ پرسی کورسیی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، رایەکە ئەوەیە کە خۆیان قسەیان لەسەر پرسی بەشداریکردنی خۆیان هەبێ، لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان پێکەوە هەر بڕیارێکیان دا، بەو ئاڕاستەیەدا بڕوات."
سەردانی پارتی بۆلای لایەنە سیاسییەکان بەردەوام دەبێت، رۆژی دووشەممە دەچنە لای پێکهاتەکان، سەردانی دهاتووی پارتی هاوکات دەبێت لەگەڵ دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان و وابڕیارە لەو دانیشتنە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کارا بکرێتەوە و یەکێتی نارازییە و سەرۆکی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت ئاگامان لێنییە و نایاساییە و ئۆباڵی لێکەوتەکانی دەخەینە ئەستۆی ئەنجامدەرانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ