وەزارەتی بازرگانیی عێراق نیو کیلۆ برنج لە هەر کەسێک دەبڕێت

21-04-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم مانگە بەراورد بە مانگەکانی دیکە هەر هاونیشتمانییەک نیو کیلۆ کەمتر برنجی بەشەخۆراکی پێدەدرێت، بەڵام دۆشاوی تەماتەی دوو مانگ وەردەگرن. بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، سبەی بەشەخۆراکی سێیەمی ئەمساڵ دابەش دەکەن.
 
لە بەشەخۆراکدا هەر هاووڵاتییەک 400 گرام دۆشاوی تەماتەی پێدەدرێت، بەڵام بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بازرگانی، لە سێیەم بەشەخۆراکدا هەر کەسێک 800 گرامی پێدەدرێت، ئەویش لە بری بەشی سێیەم و چوارەم.
 
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی نیسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە گوێرەی ئەو نووسراوەی بە ئەوان دراوە، کەمکردنەوەی نیو کیلۆ برنج تەنیا بۆ سێیەم بەشەخۆراکە و دواتر ئاسایی دەبێتەوە.
 
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، ئەگەر هاووڵاتییان سەردانی بریکارەکانی خۆراکیان کرد و دوو کیلۆ و نیو برنجیان پێدان، ئەوە بڕیارەکە لە بەغداوە هاتووە و پەیوەندیی بە بریکارەکانی خۆراکەوە نییە.
 
بەگوێرەی روونکردنەوەکەی وەزارەتی بازرگانی، سبەی دابەشکردنی بەشی سێیەمی خۆراک لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشە خۆراک وەردەگرن.
 
ئەو بڕە خۆراکەی مانگانە دەدرێتە هاونیشتمانییەک بریتییە لە سێ کیلۆ برنج، نۆ کیلۆ ئارد، یەک لیتر رۆن، 400 گرام دۆشاوی تەماتە، یەک کیلۆ شەکر، 500 گرام نیسک یان پاقلەمەنییەکی دیکە.
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە