رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە سەردانەکەیدا بۆ پێنجوێن، فەرمانگەی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی لە قەزاکە کردەوە. دەڵێت، بەڵێنی جێبەجێکردنی ژمارەیەک داخوازیی دیکەیان بە خەڵک داوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی قەزای پێنجوێنی لە پارێزگای سلێمانی کرد و فەرمانگەی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی لە قەزاکە کردەوە.
دانا عەبدولکەریم لەوبارەوە قسەی بۆ سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد: ''فەرمانگەکە رۆڵێکی کاریگەری لە یارمەتیدانی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی سلێمانی دەبێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی خێراتر رێگەوبانەکانی سنووری قەزاکە نۆژەن بکرێنەوە.''
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، چەند پڕۆژەیەکی رێگەوبانیش لە سنووری قەزاکە لەئارادان کە دوای تەواوبوونی پڕۆسەی تەندەرین، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
دانا عەبدولکەریم ئەوەشی خستەڕوو، چەند داخوازییەکی دیکە لەلایەن بەڕێوەبەرانی ناحیە و قایمقامی قەزاکە لە زاری خەڵکەوە پێشکێشکراون کە ''ئەمڕۆ بەڵێنمان دا وەکو وەزارەت جێبەجێیان بکەین. لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەی باشماخ - پێنجوێن کە بەهۆی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان کارکردن تێیدا وەستاوە، دەکەوێتەوە گەڕ و لەگەڵ باشتربوونی دۆخی داراییدا، پلانمان بۆ رێگەی دووسایدی سەیدسادق - پێنجوێنیش هەیە."
نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان
رۆژی سێشەممە، 8ـی ئابی 2023، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو نۆ هەزار یەکە نیشتەجێبوونەی بڕیارە بەسەر کەمدەرامەتاندا دابەش بکرێن رایگەیاند، ''پێگەی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە پێشکێشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون ئەمڕۆ کارا دەکرێت و ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، دەتوانن فۆرم پڕبکەنەوە".
دانا عەبدولکەریم دەڵێت: ''کاری پڕکردنەوەی فۆڕم تەواو بووە و ئێستا لیژنەکان لە وەزارەت، سەرقاڵی خاڵبەندیکردنی فۆرمەکانن. دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەکە، دەست بە دابەشکردنی یەکەکان بەسەر ئەو کەسانەدا دەکرێت کە بەپێی یاسای نیشتەجێبوون، شایستەن.''
''٪75ـی پڕۆژەی رێگەی دەربەندیخان – کەلار تەواوکراوە''
رێگەی نێوان دەربەندیخان – کەلار، هەمان رێگەی بەستنەوەی کەلار و سنووری ئیدارەی گەرمیانە بە شاری سلێمانییەوە. رێگەکە یەک سایدە و چەند ساڵێکە کار بۆ بە دووسایدکردنی دەکرێت و تەواو نەکراوە.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەم پڕۆژەیە ستراتیژییە لە ساڵی 2011ـوە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام تاوەکو ساڵی 2019 کە ئێمە وەزارەتمان وەرگرتووە، تەنیا 15٪ـی جێبەجێکراوە.''
وەک دانا عەبدولکەریم ئاماژەی دا، ''لە ساڵی 2019ـوە، 75٪ـی پڕۆژەکە تەواوکراوە، ئەگەر گرفتی دارایی دروست نەبێت، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ رێگەی دەربەندیخان کەلار تەواو دەبێت''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ