خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان داوای هاوتاکردنی مووچەکانیان دەکەن

21-04-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 12 رێکخراوی تایبەت بە خاوەن پێداویستیی تایبەت داوای هاوتاکردنی مووچە لەگەڵ بەغدا دەکەن و دەڵێن، سەرەتا دەبێت ناوی ئەو کەسانە بچێتە نێو لیستی مووچەوە کە تاوەکو ئێستا وەکو خاوەن پێداویستیی تایبەت تۆمار نەکراون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 21-04-2024 چەند رێکخراو و کۆمەڵەی خاوەن پیداویستیی تایبەت لەگەڵ بێستوون جەبار مەجید، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی کۆبوونەوە و دوو داواکارییان پێشکێش کرد.
 
دوای کۆبوونەوەکە، بێستوون جەبار مەجید لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، یاداشتێک ئامادە دەکرێت و لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکەن لە هەولێر، بۆئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیران هەوڵی خۆی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان بدات.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی، رێکخراوەکان داوای هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەکەن، دەشڵێن، لە 2012وە ناونووسینی خاوەن پێداویستیی تایبەت وەستاوە، کۆمەڵێک کەمئەندام هەن کە ناویان لە لیستی مووچەدا نییە.
 
ئەو رێکخراوانە ئاماژە بەوە دەکەن، پێویستە یەکەمجار ئەو کەسانەش ناونووس بکرێن و ناویان بچێتە نێو لیستی مووچەوە، دواتر هەوڵی هاوتاکردنی مووچەکەیان لەگەڵ خاوەن پێداویستیی تایبەت لە بەغدا بدرێت.
 
مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە هەرێمی کوردستان 100 بۆ 150 هەزار دینارە، ئەوەش لە کاتێکدایە کەمترین مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە عێراق 250 هەزار دینارە.
 
بە گوتەی ئەو رێکخراوانە، لەگەڵ کۆمەڵەکانی دیکەش لە هەولێر و دهۆک هاوئاهەنگن و ئەوانیش پاڵپشتیی داواکارییەکە دەکەن.
 
بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی کەمئەندامان، لە هەرێمی کوردستان 89 هەزار خاوەن پیداویستیی تایبەت مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە و نزیکەی 40 هەزاری دیکەش لە ساڵی 2013ـەوە چاوەڕوانی تۆمارکردنن بۆ وەرگرتنی مووچە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری.

کۆمەڵی دادگەری ئامادەکاری بۆ کۆنگرە دەکات؛ ئەگەری گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان لە ئارادایە

زیاتر لە مانگێکە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ بەستنی کۆنگرە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەگەرێکی کراوەیە لە کۆنگرەدا بڕیاری گەڕانەوەی فراکسیۆنەکەیان بۆ پەرلەمانی کوردستان بدەن.