رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی کارەبای عێراق سەردانی پڕۆژەیەکی کارەبا لە قەزای دووبزی کەرکووک دەکات. پەیامنێری رووداو دەڵێت، سەردانی دوو پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکەن، کە بەمنزیکانە دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21-04-2024 ئەندازیار عادل کەریم، بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری بەرهەمهێنان و ئەندازیار مەحموود ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ناوچەی باکووری عێراق سەردانی دوو پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە قەزای دووبزی کەرکووک دەکەن، کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێنەوە.
بە گوتەی هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک، هەریەک لەم پرۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 160 مێگاوات کارەبایان هەیە و بڕیارە بە تۆڕی کارەبای نیشتمانیی عێراق ببەسترێنەوە.
بەپێی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا 83%ی پڕۆژەکان تەواو بوون، بڕیارە مانگی داهاتوو بەشێوەی ئەزموونی بکرێنەوە.
عێراق بە مەبەستی دابینکردنی بەشێکی زۆری کارەباکەی پشت بە ئێران دەبەستێت. رۆژی 14-03-2024ـش ئەمریکا جارێکی دیکە عێراقی لە پابەندبوون بە سزاکانی واشنتن بۆ سەر ئێران بەخشی و رێگە بە بەغدا دەدات کارەبا لە تاران بکڕێت.
هاوکات هەوڵێک لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەبای عێراق دەبیندرێت، بۆئەوەی لە داهاتوودا پشت بە بەرهەمهێنانی کارەبای نێوخۆیی ببەستن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ