رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتڤانانی کورد، پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حیزبی و حکومی لە ئامەدی باکووری کوردستان، ئاهەنگی نەورۆز سازدەکرێت. پەیامنێری رووداو دەڵێت، بڕیارە لەیلا زانا، سیاسەتڤانی کورد لە ئاهەنگەکەدا گوتارێک پێشکێش بکات.
لەکاتێکدا چەند رۆژە لە زۆربەی شار و شارۆچکە جیاوازەکانی باکووری کوردستان، ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەدەچێت، لە ئامەد جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی باکووری کوردستان، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 21-03-2024) ئاهەنگی نەورۆز دەکرێت، کە بە گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز لە باکووری کوردستان و تورکیا دادەنرێت.
نەورۆزی ئەم ساڵ هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، کە لە 31ـی ئەم مانگە دەکرێت، ئەمەش ئاهەنگەکانی نەورۆزی زیاتر بە جۆش و خرۆش کردووە.
عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئامەد دەڵێت، ''سەرەڕای ئەوەی لە دوێنێ شەوەوە بارانێکی بەخوڕ دەبارێت، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان لە ئاهەنگی نەورۆزدا بەشدارن و پێشبینی دەکرێت لە نەورۆزی ساڵی 2013 قەرەباڵختر بێت.''
بڕیارە لەیلا زانا، سیاسەتڤانی ناسراوی کورد لە ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵی ئامەد بەشدار بێت و گوتارێک پێشکێش بکات، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ قەرەباڵخیی زیاتری ئاهەنگەکە.
هاونیشتمانییەک لەبارەی بەشداریکردن لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد بە رووداوی گوت ''دەڵێن کورد نییە، بەڵام هەرچەند بارانیش باریوە، بە قەرەباڵخییەکی زۆرەوە بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کردووە و زیاتریش بەشدار دەبن.''
بەگوتەی عەبدولسەلام ئاکنجی، جگە لە لەیلا زانا، بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی حکومیی شارەکە، پەرلەمانتاران و هاوسەرۆکی پارتەکان لە ئاهەنگەکەدا بەشدار دەبن.
ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان بە هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان و هەڵپەڕکێ، شادی و خۆشیی خۆیان دەردەبڕن و نەورۆز پیرۆز دەکەن.
لە زۆربەی ناوچەکانی باکوور و پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، هاونیشتمانییان بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی سەری ساڵی ئامەد خۆیان گەیاندووەتەوە شارەکە.
راوین ستێرک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئامەد دەڵێت ''دەیان هەزار کەس بەشداریی ئاهەنگی نەورۆزی ئەم ساڵیان لە شارەکە کردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی جلوبەرگی کوردییان لەبەردایە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو ئاڵای کوردستانیش دەبینرێت''.
گڕوتینی بەشداریکردنی هاونیشتمانییان لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە شار و شارۆچکە جیاجیاکانی باکووری کوردستان، لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا لە 15 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان هێزە ئەمنییەکانی تورکیا 139 کەسیان لەسەر ئاهەنگەکانی نەورۆز دەستگیرکردووە.
دوێنێ چوارشەممەش، ئاگری نەورۆز لە شارەکانی (وان، باتمان، بەدلیس، جۆلەمێرگ، ئیدر، مێردین، سیرت، چەولیگ، شرنەخ، ئایدن، چەنەقەلە، قۆنیا، مانیسا و مێرسین) کرایەوە.
سەرەڕای ئەوەی کەشوهەوای ئامەد ساردە، ئێوارەی دوێنێش هۆشداریی دروستبوونی لافاو دراوە، بەڵام ئەم بابەتانە نەبوونە رێگر بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان بەشداری لە ئاهەنگەکەی گۆڕەپانی نەورۆزی ئامەد بکەن.
هاونیشتمانییان لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە خۆشیی خۆیان دەردەبڕن و نزای ئاشتی و ئازادی بۆ باکووری کوردستان دەکەن.
هاونیشتمانییەکی شانۆکاری خەڵکی باتمان کە لە ئاهەنگەکەدا بەشداربووە بە رووداوی گوت ''بەهۆی نزیکبوونی کاتی هەڵبژاردن، بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداریی لە ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەم ساڵدا کراوە و جۆش و خرۆشی خەڵک لە ئاستێکی بەرزدایە.''
جگە لە هاونیشتمانییانی چوار پارچەی کوردستان، ژمارەیەک لە دانیشتووانی کوردی دیاسپۆراش بەشداریی ئاهەنگەکەیان کردووە، هەروەها لە گۆڕەپانی نەورۆزی ئامەد پیر، گەنج، منداڵ و ژن و پیاو دەبینرێن.
جگە لە خوێندنەوەی چەند گوتارێک لەلایەن کەسایەتییە سیاسییەکانەوە و دەربڕینی خۆشی و شادی و هەڵپەڕکێی هاونیشتمانییان، چەندین چالاکیی دیکە بە بەشداریی هونەرمەندان و گۆرانیبێژانی کورد لە ئاهەنگەکەدا دەکرین.
وەک راوین ستێرک گوتی، بەهۆی بەشداریی بەرچاوی هاونیشتمانییان لە نەورۆزی ئامەد، هۆتێل و مۆتێلەکانی ئەم شارە پڕ بوون لە سەردانیکاران و شوێنی بەتاڵی لێ نەماوە.
هاونیشتمانییەک قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی ''ئاهەنگەکە لە ئاستێکی باشدا بەڕێوەدەچێت؛ من 20 ساڵە بەشداریی لە ئاهەنگی نەورۆزدا دەکەم، هیوادارم بە مافی خۆمان بگەین.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ