لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەست دا و 17 کەسیش بریندار بوون

21-02-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە سێ رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگاکانی ورمێ، کرماشان و ئیلام، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 17ـی دیکەیش بریندار بوون.
 
ئێوارەی  پێنجشەممە، 20-02-2025، دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی پیژۆ پارس و پراید لە نزیک شاری شنۆی سەر بە پارێزگای ورمێێ رۆژهەڵاتی کوردستان پێکیاندادا و بەهۆیەوە چوار کەس بریندار بوون.
 
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە رایگەیاند، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم بریندارەکانیان رەوانەی نەخۆشخانە کردووە.
 
هاوکات، لە نزیک سراوڵەی سەر بە شاری چەڕداوڵی پارێزگای ئیلام، بەهۆی پێکدادانی سێ ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی پیژۆ پارس، پەیکانی بارهەڵگر و نیسانی بارهەڵگر، دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
 
بەگوتەی موحسین وەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی مانگی سووری ئیلام، سێ سەرنشینی هەر سێ ئۆتۆمبێلەکانیش بەهۆی رووداوەکەوە بریندار بوون کە دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
لە نزیک شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی ساینا و پراید پێکیاندادا، کە بەهۆیەوە 10 کەس بریندار بوون.
 
مەسعود قەلعە سفیدی، بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی خێرای کرماشان رایگەیاند، بریندارەکان چارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شارەکە.
 
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی داپزیشکیی ئێران، لە نەورۆزی 2024ـەوە تاوەکو کۆتایی کانوونی یەکەمی 2024، واتە لە 9 مانگدا 14 هەزار و 945 کەس لەو وڵاتە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە