کوردستان

هەر یەک لە زانا فارقینی، د. بەختیار سەجادی و سلێمان چەڤیک لە رۆژی زمانی دایک لە بووڵتەنەکانی تۆڕی میدیایی رووداو.
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی زمانی کوردی بە پێویستی دەزانێت هاونیشتمانییان لە ماڵەوە بە زمانی خۆیان قسە بکەن بۆ ئەوەی زمانەکە زیاتر ببوژێتەوە و هیچ مەترسییەک لەسەر لەنێوچوون و لاوازبوونی زاراوەکانی نەمێنێت. بەڕێوەبەری وەشانخانەیەکیش لە ئیستەنبووڵ دەڵێت: ''ئەو تواندنەوەیەی لە 30 ساڵی رابردوودا بەسەر زمانی کوردی هاتووە، لە 300 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە''.
ئەمڕۆ هەینی 21ـی شوباتی 2025 رۆژی جیهانیی زمانی دایکە.
زانا فارقینی، شارەزای زمانی کوردی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هێڤیدار زانا پێشکێشیکرد، رایگەیاند: ''دۆخی زمانی کوردی لە باشوور، باکوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان جیاوازە. لەو ناوچانەی کوردی، زمانی پەروەردە نییە و لە دامەزراوە حکومییەکان بەکارناهێندرێت، مەترسییەکانی سەر زمانەکە بەردەوامن".
زانا فارقینی گوتی: ''ئەگەر زمانی کوردی لە ماڵەوە بەکارنەهێندرێت، نەبێتە زمانی پەروەردە، خزمەتی نەکرێت و دایک و باوکان نەیگوێزنەوە بۆ منداڵەکانیان، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دروست بێت''.
''زۆربەی منداڵان و گەنجان لە باکووری کوردستان بە کوردی قسە ناکەن''
ئەو شارەزایە باسی لە دۆخی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان کرد و گوتی: ''مرۆڤ بە خەمبارییەوە دەڕوانێتە دۆخی زمانی کوردی (لە باکووری کوردستان). ئێستا زۆربەی منداڵ و گەنجەکان بە کوردی قسە ناکەن. ئەوە مەترسییەکی زۆر گەورەیە لەسەر زمان''.
زیاتر لە 7 هەزار زمان لە جیهاندا تۆمارکراون و قسەیان پێدەکرێت. زانا فارقینی گوتی: "مەترسی هەیە لە 100 ساڵی داهاتوودا 90٪ بۆ 95٪ـی زمانەکان لەنێوبچن''؛ ئاماژەی بەوەشکرد: ''زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ قسەکردن و گفتوگۆ، بەڵکو زمان کولتوورە، هەبوون و ناسنامەیە. ئەگەر زمانێک لەنێوبچێت، کولتوورێک لەنێودەچێت و گەل و نەتەوەیەک نامێنێت''.
باڵادەستیی زمانی تورکی لە باکووری کوردستان و تورکیا مەترسیی زۆری خستووەتە سەر زمانی کوردی، بە جۆرێک بەشێک لە هاونیشمانییان لە ماڵەوەش هەر بە تورکی قسە دەکەن. ئەو شارەزایەی زمانی کوردی دەڵێت: ''نابێت خێزانەکان لە ماڵەوە، جگە لە کوردی بە زمانی دیکە قسە بکەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان فێری زمانەکە ببن و بتوانن لە داهاتوودا بە تەواوی شارەزای بن''.
زانا فارقینی دەڵێت: ''دەبێت رۆشنبیران، زانایان، سیاسەتڤانان و هونەرمەندانی کورد بە زمانی کوردی قسە بکەن و لە هەر بوارێکی ژیانیاندا ئەو زمانە بەکاربێنن؛ هەروەها پێویستە بۆ دەستخستنی مافی پەروەردە بە زمانی دایکی و بەکارهێنانی زمانەکە لە دامەزراوە حکومییەکان، لە هەوڵی بەردەوامدا بن''.
بەگوتەی ئەو شارەزایەی زمانی کوردی، "ئەو منداڵانەی زمانی خۆیان کوردییە و لە قوتابخانەکان بە تورکی وانە دەخوێنن، تووشی گرفتی دەروونی دەبن و ئەو منداڵانەش بە زمانی خۆیان دەخوێنن، سەرکەوتووتر دەردەکەون''.
زانا فارقینی گوتی:''پێویستە هەر کەسێک خاوەندارێتی لە زمان و کولتووری خۆی بکات بۆ ئەوەی کاریگەریی زمانە باڵادەستەکان لەسەر زمانی کوردی کەم بێتەوە''.
''پێویستە هەوڵی زیاتر بۆ زمانی کوردی بدرێت''
سلێمان چەڤیک، بەرپرسی وەشانخانەی نووبەهار لە ئیستەنبووڵ کە میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو گوتی: ''نابێت تەنیا چەند رۆژ لە ساڵێکدا باس لە زمانی کوردی بکرێت، بەڵکو پێویستە هەموو رۆژ و لە هەر کاتێکدا کاری لەسەر بکرێت''.
سلێمان چەڤیک پێیوایە، ''کاتێک زمانێک لە مەترسیدا بوو، دەبێت بایەخی زیاتری پێبدرێت، بۆیە ئەمڕۆ زمانی کوردی پێویستی بە هەوڵی زیاترە''.
بەرپرسی وەشانخانەکە لەبارەی دۆخی زمانی کوردییەوە لە باکووری کوردستان گوتی: ''بەراورد بە 30 ساڵ لەمەوپێش، ئێستا زمانمان لە مەترسیدایە. تەکنۆلۆژیا، ئینتەرنێت و ئەو پەروەردەیەی کە هەیە، بووەتە هۆی تواندنەوەیەکی ئاشکرای زمانی کوردی''.
سلێمان چەڤیک گوتی: ''ئەو تواندنەوەیەی لە 30 ساڵدا بەسەر زمانی کوردییدا هاتووە، لە 300 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە".
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە، بەڵام لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت. ناونووسین بۆ وانەی بژاردە، پۆلەکانی 5 تاوەکو 8ـی سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەگرێتەوە.
بەرپرسی وەشانخانەی نووبەهار ئەوەشی خستەڕوو: "پێویستە گوشار بخرێتە سەر دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی کوردی بکرێتە فەرمی و ببێتە زمانی پەروەردە. لە قوتابخانەکانیش نەک وەکو وانەی بژاردە، بەڵکو پێویستە وەکو وانەیەکی سەرەکی بخوێندرێت. ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، پاراستنی زمان ئەستەمە''.
''زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەشەکردنی باشی بەخۆیەوە بینیوە''
هاوکات د. بەختیار سەجادی، شارەزای زمان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بەشی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیای رووداودا سەبارەت بە دۆخی زمانی کوردی و چۆنیەتیی گەشەسەندنی رایگەیاند: ''سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانی 100 ساڵی رابردووی بەردەم زمانی کوردی، دەبینین هەندێک لە شێوەزارەکانی لە بواری ئەکادیمی، ستانداردبوون و زاراوەسازییەوە، گەشەکردنێکی باشیان بەخۆیەوە بینیوە.''
د. بەختیار سەجادی گوتی: ''بەداخەوە هەندێک لە شێوەزارەکانی زمانی کوردی وەک هەورامی و زازاکی رووبەڕووی چەندین شەپۆلی توانەوە و مەترسی بوونەتەوە و هەڕەشەیان لەسەرە.''
کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان زمانەکەی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی زمانەکانی فارسی، تورکی و عەرەبی، ئەوەش ئەنجامی دابەشکردنییەتی بەسەر چوار وڵاتەکەدا و سەدان وشەی بیانی چوونەتە نێو ئەو زمانە.
ئەو شارەزایەی زمانی کوردی پێیوایە بۆ گەشەپێدانی زیاتری زمانی کوردی پێویستە لە چەندین بواردا سەرنج بخرێتە سەر بابەتەکە کە گرنگترینیان پەروەردەیە، ''جگە لەوەش، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سۆشیال میدیا و دامەزراوە ئەکادیمییەکان رۆڵیان لە گەشەپێدانەکەدا دەبێت.''
باس لەوە دەکرا کە بۆ توێژینەوە سەبارەت بە بابەتێکی زانستی، سەرچاوەی کوردی دەستناکەوێت و توێژەر ناچارە پەنا بباتە بەر سەرچاوە بە زمانی دیکە. ئەو شارەزایەی زمان گوتی: ''ئەو بابەتە کۆتاییهات کە دەگوترا زمانی کوردی ناتوانێت زمانی زانست بێت. ئەمڕۆ زمانی کوردی پێگەی خۆی بە تەواوی بەدەستهێناوەتەوە.''
د. بەختیار سەجادی گوتی: ''زمانی کوردی لە بواری زانستی و ئەکادیمییەوە گەشەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و دەیان گۆڤاری ئەکادیمی و زانستی لە بوارە جیاجیاکانەوە لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەردەچن''.
بەگوتەی ئەو شارەزایەی زمان، ئێستا ''هۆشیاریی زمانناسانە'' لە سەرانسەری کوردستان بڵاوبووەتەوە و چالاکیی جۆراوجۆر لە بواری زمانناسی بەڕێوەدەچن.
''پێویستە دەقە کوردییەکان بەئەلیکترۆنی بکرێن''
لەم چەند ساڵەی دواییدا ژیریی دەستکرد لە هەموو بوارێکەوە وەک ئامرازێکی ئاسانکاری بەکارهێندراوە. د. بەختیار سەجادی باسی لەوە کرد، پێویستە ژیریی دەستکرد بۆ پێشڤەچوونی زیاتر، بخرێتە خزمەت زمانی کوردیشەوە.
ئەو شارەزایەی زمان گوتی: ''بێگومان پێویستە دەقەکانمان، نووسین و بەرهەمەکانمان، بەئەلیکترۆنی بکرێن؛ دیارە هەوڵی باش دراوە، بەڵام ئەو هەوڵانە کەمن و دەبێت زیاتر بکرێن''.
د. بەختیار سەجادی رایگەیاند: ''ئەگەر بمانەوێت بە باشترین شێوە ژیریی دەستکرد بۆ بەرژەوەندیی زمانەکەمان بەکاربێنین، پێویستە بایەخی زیاتر بە بەدیجیتاڵکردنی دەقە کوردییەکان بدەین.''
بەپێی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی بۆ ریزبەندی زمانە جیهانییەکان، لە جیهاندا 100 زمان زۆرترین خەڵک قسەیان پێدەکەن کە زمانی کوردی لە ریزبەندی 59ـیەمین زمانی جیهاندایە و 21 ملیۆن کەس بەکاریدەهێنن کە دەکاتە 0.31%ـی دانیشتووانی جیهان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ