بەهۆی سەرما ئەمڕۆ دەرگای زۆربەی قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داخران

21-01-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەفربارین بەردەوامە و بەهۆی سەرماوسۆڵە، ئەمڕۆ لە سەرجەم قوتابخانەکانی هەر سێ پارێزگای ئیلام، سنە و لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەرگەی قوتابخانەکان داخران.
 
چەند رۆژێکە بارستە هەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای سنە رایگەیاند، لەسەر پێشنیازی بەڕێوەبەرایەتییەکە و بەرەزامەندیی قایمقامی سنە، رۆژی سێشەممە (21ـی کانوونی دووەمی 2025) لە سەرجەم قوتابخانەکانی دەوامی بەیانیانی ئەو پارێزگایە خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت.
 
لە لوڕستانیش ئەمڕۆ لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە لە هەموو قۆناخەکانی خوێندن پشوو راگەیێندراوە.
 
مەهدی پازۆکی، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکە دەڵێت، بڕیارەکە بەهۆی سەرماوسۆڵە و رێگریکردن لە کەمبوونەوەی گاز و کارەبای ماڵان دراوە.  
 
پارێزگاری کرماشانیش لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بەهۆی بەردەوامیی بارینی بەفر و باران و دابەزینی پلەی گەرما، بە بڕیاری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکە، لە قوتابخانەکانی قۆناخی سەرەتایی 11 شار پشووە و، تەنیا لە سێ شاری قەسری شیرین، سەرپێل زەهاو و گییەڵان دەوامی قوتابخانەکان ئاساییە. 
 
لە پارێزگای ئیلام بە بڕیاری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکە، لە سەرجەم قوتابخانەکانی قۆناخی سەرەتایی و قۆناخی یەکەمی ئامادەیی خوێندن بە شێوەی ئۆنلایین دەبێت. هەروەها دەوام لە قۆناخەکانی دیکەی خوێندن و دامودەزگە و فەرمانگەکانی حکومەت یەک کاژێر دەرەنگتر دەستپێدەکات.
 
لە پارێزگای ورمێش، تەنیا لە قوتابخانەکانی شاری پیرانشار پشوو راگەیێندراوە و لە شاری تیکابیش دەوامی سەرجەم قوتابخانەکان دوو کاژێر درەنگتر دەستپێدەکات.
 
لە ئێوارەی یەکشەممەوە، شەپۆلێکی نوێی بەفربارین رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و بەپێی رێکخراوی کەشناسیی ئێران، کاریگەرییەکانی تاوەکو کۆتایی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە