رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە لە ئەنجامی ئاگرەکەی هۆتێلەکەی پارێزگای بۆڵۆی تورکیا گیانیان لەدەستدا.
رۆژی سێشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2025 سەرۆک بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی ئاگرەکەی بۆڵوی تورکیا نووسی، "ئاگرە کارەساتبارەکەی هۆتێلێکی شاری بۆڵو لە تورکیا، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک کەس، زۆر خەمبارکەرە."
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە دڵەوە سەرەخۆشی لە کەسوکاری مردووان دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم."
بەیانیی ئەمڕۆ بە هۆکارێكی نادیار ئاگر لە نهۆمی چوارەمی هۆتێلێکی گەشتیاریی پارێزگای بۆڵوی تورکیا کەوتەوە.
هۆتێلەکە لە ناوەندی خلیسکينەی سەر بەفری کارتاڵکایایە کە دەکەوێتە چیای کۆرۆغڵو.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئاگرەکە بووەتە هۆی ئەوەی 76 کەس گیان لەدەستبدەن و 41 کەسی دیکەش بریندار بن.
بە گوتەی پارێزگاری بۆڵو، 234 میوان لە هۆتێلەکەدا بوون، ئاگرەکە کاژێر 3:30 خولەکی بەرەبەیان کەوتووەتەوە، بەپێی زانیارییەکان، ئاگرەکە لە خواردنگەوە دەستیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ