پار سنە لەنێو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پاکترین هەوای هەبووە

21-01-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت، 15%ـی گیانلەدەستدانی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ لە ئێران بەهۆی پیسبوونی هەواوەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پار شاری سنە لەنێو هەموو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پاکترین هەوای هەبووە. 
 
محەممەدڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ئێران لە گوتەیەکدا لە تاران رایگەیاند، ساڵانە زیاتر لە 8.1 ملیۆن کەس لە جیهاندا بە هۆی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەستدەدەن.
 
محەممەدڕەزا زەفەرقەندی گوتی، لەو ژمارەیە زیاتر لە 700 هەزار کەسیان منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵانە گیانلەدەستدانی 15٪ـی ئەو منداڵانەی لە خوار  پێنج ساڵن، بەهۆی پیسبوونی هەواوەیە.
 
وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند، ساڵی رابردوو شاری زابوڵ لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان پیسترین هەوا و شاری سنەش لە رۆژهەڵاتی کوردستان پاکترین هەوای لەنێو شارەکانی ئێران هەبووە.
 
بە گوتەی محەممەدڕەزا زەفەرقەندی، لە ساڵی 2024ـدا بە شێوەی تێکڕا 247 رۆژ هەوای شارەکانی ئەو وڵاتە پیس بووە، بەڵام لە شاری تاران 353 رۆژ هەوا پیس بووە.
 
زەفەرقەندی رایگەیاند، چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی هەوای شارەکان پێویستی بە ویستێکی نیشتمانیی بەهێز هەیە و دەبێت هەموو لایەنەکان هاوکاریی حکومەت بکەن.
 
بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران پێشتر رایانگەیاندبوو، ساڵی رابردوو 50 هەزار کەس لەو وڵاتە بە هۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەواوە گیانیان لەدەستداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە