روواو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا لە زۆربەی ناوچەکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان باران و بەفر ببارێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی ئێران، لە سبەی دووشەممە 22-01-2024ەوە کاریگەریی شەپۆلێکی باران و بەفربارین لە 23 پارێزگای وڵاتەکە دەربکەوێت، کە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام و پارێزگای لوڕستانیش دەگرێتەوە.
'پێویست نەبێت لە ناوچە شاخاوییەکانی ورمێ هاتووچۆ نەکرێت'
کەشناسیی پارێزگای ورمێ دەڵێت، رۆژی دووشەممە شەپۆلێکی سەرما سەرجەم ناوچەکانی پارێزگاکە دەگرێتەوە، کە ناوە ناوە بە شێوەی بەفر و باران دەردەکەوێت و تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی کەشناسیی پارێزگای ورمێ، تاوەکو کۆتایی هەفتە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، دروستبوونی لافاو و کەمبوونەوەی ئاستی بینین هەیە.
کەشناسیی ورمێ داوا دەکات، ئەگەر پێویست نەبێت لە ناوچە شاخاوییەکاندا هاتووچۆ نەکرێت و دەشڵێت، "ئەگەریش کرا، شۆفێرەکان کەرەستەی تایبەت بە کەشوهەوای سارد و بەفراوییان پێ بێت."
ئەگەری بەفربارین لە باکووری پارێزگای کرماشان هەیە
بەپێی کەشناسیی پارێزگای کرماشان، لە سبەی دووشەممەوە شەپۆلێکی سەرما کاریگەری دەخاتە سەر پارێزگاکە و لە هەندێک ناوچە بەفر و لە هەندێک ناوچەی دیکەش باران دەبارێت.
هەروەها پێشبینیی ئەوەش کراوە، لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەدا ئەگەری بەفر و باران لە ناوچەکانی باکووری پارێزگاکە زیاتر بێت؛ ئەوەشی خستووەتەڕوو کە رۆژی سێشەممە 23-01-2024، تەم ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان دابگرێت.
کەمبوونەوەی مەودای بینین لە سنە
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی پارێزگای سنە، سبەی دووشەممە بارستە هەوایەکی ناجێگیر روو لە پارێزگاکە دەکات و کاریگەرییەکەی بە شێوەی بارانبارین، دروستبوونی تەم و کەمبوونەوەی مەودای بینین دەردەکەوێت.
کەشناسیی پارێزگای سنە دەشڵێت، رۆژانی دووشەممە و سێشەممە پلەی گەرما سێ بۆ چوار پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە، بەڵام دواتر نزم دەبێتەوە و بارانبارین بە شێوەی چڕتر دەستپێدەکات. ئاماژە بەوەش دەکات، لە رۆژی چوارشەممەوە لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بەفربارین زیاتر دەبێت.
بارانبارین و بەفربارین لە ئیلام
کەشناسیی پارێزگای ئیلام پێشبینیی کردووە، سبەی دووشەممە، شەپۆلێکی بارانبارین روو لە پارێزگاکە بکات و دەشڵێت، لە ئێوارەی هەمان رۆژەوە کاریگەرییەکەی زیاتر دەردەکەوێت و لە رۆژانی داهاتوویشدا بارانبارین ناوە ناوە بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی کەشناسیی ئەو پارێزگایە، رۆژی هەینی 26-01-2024، کاریگەریی بارستە هەوا ساردەکە زیاتر دەبێت و لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای بەفر دەبارێت.
دوو رۆژ لە لوڕستان باران دەبارێت
بەپێی کەشناسیی پارێزگای لوڕستان، تاوەکو کۆتایی شەوی دووشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت و ئەگەری بارانبارین زۆر کەم دەبێت، بەڵام لە رۆژی سێشەممەوە بارانبارین تەواوی ناوچەکانی پارێزگاکە دەگرێتەوە و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
کەشناسییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە پێنجشەممە 25-01-2024ەوە بارانبارین ناوچەکە جێدەهێڵێت و کەشوهەوا جێگر دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ