رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە دەروازەی سنووریی باشماخ دەستیان بەسەر 147 هەزار لیتر سووتەمەنیی قاچاخدا گرتووە کە بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 80 هەزار دۆلار.
رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، عەلی ئازادی، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، زانیارییان لەسەر بەقاچاخبردنی گازوایل لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە دەستکەوتووە کە لە رێگەی پێنج بارهەڵگرەوە ئەنجام دراون و رەوانەی هەرێمی کوردستان کراون.
عەلی ئازادی گوتی، دوای بەدواداچوونێکی چڕی هێزەکانیان، لە کاتی پشکنینی سووتەمەنیی تانکەرەکان، دەرکەوت کە پێنج لەو بارهەڵگرانە بڕێکی زۆر سووتەمەنیی قاچاخیان هەڵگرتووە، بەڵام بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگاکە دەستیان بەسەردا گرتوون.
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای سنە ئاماژەی بەوەش کرد، کۆی ئەو سووتەمەنییەی کە دەستی بەسەردا گیراوە، 147 هەزار لیترە بە بەهای چوار ملیار و 370 ملیۆن تمەن (نزیکەی 80 هەزار دۆلار).
عەلی ئازادی گوتیشی، هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی سووتەمەنییە قاچاخەکە، پێنج کەس دەستگیرکراون کە شۆفێری بارهەڵگرەکانن و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
دەروازەی سنووری باشماخ دەکەوێتە نێوان قەزای پێنجوێنی پارێزگای سلێمانی و شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە خاڵێکی سنووری گرنگە لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ