رووداو دیجیتاڵ
لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق کە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆسەر هەولێر پێکهێندراوە، گەیشتە ماڵی پێشڕەو دزەیی. پەیامنێری رووداو دەڵێت، بڕیارە راپۆرتێک لەسەر رووداوەکە بخەنە بەردەم سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21-01-2024 لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی شەوی دووشەممە 15-01-2024ی سوپای پاسداران، کە بە 11 مووشەک کرایە سەر هەولێر و پێنج لەو مووشەکانە بەر ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن، گەیشتنە هەولێر و لە نزیکەوە سەردانی ماڵەکەیان کرد.
بۆردوومانەکە گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی و منداڵێکی کە تەمەنی کەمتر لە ساڵێکە، لەگەڵ میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە، هەروەها 16 کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە برینداربوون.
لیژنەکە لە هەشت ئەندامی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی عێراق پێکهاتوون کە هاوکات دوو ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانیش تێیدا بەشدارن و بە ئامادەبوونی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پاریزگاری هەولێر سەردانی ماڵی پێشڕەو دزەییان کرد.
پاساوی ئێران بۆ هێرشە مووشەکییەکەی، هەبوونی بارەگای دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل - مۆسادە لە هەولێر، بڕیارە لیژنەکە لە نزیکەوە چاودێریی شوێنی رووداوەکە و ماڵی پێشڕەو دزەیی بکات، بۆ ئەوەی راپۆرتێک بدەنەوە پەرلەمانی عێراق.
بەگوتەی مستەفا گۆران، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمانی عێراقیش لە دانیشتنێکی نائاساییدا تاوتوێی راپۆرتەکەی لیژنەی نێردراو و هێرشەکانی ئەم دواییانەی سەر هەرێمی کوردستان و عێراق بکات.
ئەمە دووەم لیژنەی عێراقە کە سەبارەت بە هێرشەکەی سوپای پاسداران سەردانی هەولێر و ماڵی پێشڕەو دزەیی دەکات، پێشتر، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لەسەر ئەو هێرشە پێکهێنا و رۆژی سێشەممەی رابردوو، لیژنەکە سەردانى هەولێری کرد و چووە ئەو شوێنانەی بۆردوومان کرابوون. قاسم ئەعرەجی دواتر رایگەیاند ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە بەپێچەوانەی بانگەشەکان، بارەگای مۆساد نەبووە.
هێرشەکانی ئێران کاردانەوەی گەورەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییان بەدوای خۆیاندا هێنا. ئەمریکا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، فینلاند و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیا سەرکۆنەیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ