رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی هاتووچۆ لە رێگەی بەدرە - ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانلەدەستدانی دوو کەسی لێکەوتەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ئیلام دەڵێت، هۆکاری رووداوەکە تیژڕۆیی بووە.
رووداوەکە ئێوارەی (پێنجشەممە، 19-12-2024)، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی جۆری نیسان ماکسیما لەسەر رێگەی نێوان ئیلام - بەدرەی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە.
ئەبولفەزل کەهزادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە رایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان، دەستبەجێ تیمەکانی ئەوان و فریاکەوتن، گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
بەگوتەی ئەبولفەزل کەهزادی، هۆکاری رووداوەکە تیژڕۆیی بووە، بەهۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کۆنترۆڵی لەدەست دەرچووە و وەرگەڕاوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی ئیلام هۆشداری بە شۆفێران دەدات، کەشوهەوای ساردی ئێستا و بەستنی رێگەوبانەکان لەبەرچاو بگرن و بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان بە ئاگاییەوە شۆفێری بکەن، بۆ ئەوەی تووشی رووداوی نەخوازراو نەبن.
بەگوێرەی راپۆرتی دادپزیشکیی ئێران لە 21-03-2024 تاوەکو 21-07-2024، شەش هەزار و 262 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 127 هەزار و 350 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ