رووداو دیجیتاڵ
بەسەتان ئاوارەی کەرکووکی بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێری، بەدرێژایی رۆژ لە چاوەڕوانی هاتنی تیمەکانی بژمێر بوون تاوەکو لە زێدی خۆیان تۆمار بکرێن.
خەڵکەکە، رێگەیەکی دووریان بڕیوە تاوەکو ناسنامەی رەسەنیی خۆیان تۆماربکەن؛ بەڵام پرسیارە بێ کۆتاکانی هەندێک لە بژمێرەکان ئەوانی لە تۆمارکردن بێبەشکرد.
ئەحمەد نەجمەدین ئاوارەی گەڕاوەی کەرکووکە و دەڵێت، "خەڵکی ئەم شارەم و ناسنامە هی ئەم شارەیە، باوک و باپیرم خەڵکی ئەم شارەن و ناسنامەی ساڵی 1957ـی باوکم پێیە، هیچ کەموکوڕییەکم نییە کە شایەنی ئەوە بێت ناوم تۆمار نەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا بژمێرەکان کە هاتن، یەکێک زۆر هەوڵی دا ناوم تۆمارنەکرێت و تۆماریشی نەکرد."
تیمەکانی بژمێر جگە لە منداڵی تازەلەدایک بوو، زانیاریی کەسیی نوێشیان تۆمار نەکرد. لە هەندێک گەڕەکی کوردیش بەبیانووی نەبوونی خانوو، ژمارەیەک ئاوارەی گەڕاوەیان تۆمار نەکردن.
ئاکۆ ئەحمەد، بەرپرسی سەرژمێری لە گەڕەکی سەرچنار دەڵێت، "بەپێی رێنماییەکانی سەرژمێری، وەزارەتی پلاندانانی عێراق داوا دەکات ئەوانەی خانوویان لێرە نییە، جەخت لە ناو، ناسنامە، کاتی نیشتەجێبوونیان بکەنەوە، ئەمەش بڕیاری حکومەتی عێراقە و ئێمە پابەندی ئەو بڕیارانەین. خەڵکی نوێ زیاد ناکەین چونکە راگیراوە، تەنیا بۆ ئەوانە نەبێت کە تازە لەدایک بوون و بەم شێوەیە ئێمە رێنماییەکان جێبەجێدەکەین".
بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک، بێ ئەوەی بەڵگەیەکی یاساییان هەبێت، دژایەتی ئاشکرای خۆیان بۆ گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکانی کەرکووک دەربڕی؛ تەنانەت داوای راگرتنی پرۆسەی سەرژمێریشیان کرد.
حەسەن مەجید، بەرپرسی رێکخستنی لقی سێی پارتی باس لەوە دەکات، "ئەوانەی هاتوون، هەموویان لە سەرژمێریی 1957 (خێزانەکانیان تۆمارکراون)، مامەڵە فەرمییەکان لە کارتی نیشتیمانی، پسووڵەی خۆراک و کارتی نیشتەجێبوونی کەرکووکیان هەیە؛ ناکرێت خەڵک لە شارێکەوە بهێنیت و لێرە سەرژمێری بکەین، بۆیە تەواوی گوتەی ئەو لایەنانە رەتدەکەینەوە و دوورن لە راستیەوە."
رۆژی پێنجشەممە، دووەم رۆژ و دوایین رۆژی تۆمارکردنی دانیشتووانە لە سەرانسەری عێراق، بڕیارە هاوشێوەی رۆژی یەکەم، قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ