رووداو دیجیتاڵ
لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی چاتم هاوس لە لەندەن، کۆڕبەندێک لەژێر ناوی 'کۆنفرانسی دەستپێشخەریی عێراق 2024' بەڕێوەچوو، تێیدا تیشکخرایە سەر دۆخی سیاسی، ئابووری و ژینگەی عێراق و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقیش باسی لێوە کرا.
کۆڕبەندەکە بە بەشداریی 21 کەس بەڕێوەچوو. لەنێو بەشداربووانی پانێڵی یەکەم حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبوون.
حەیدەر عەبادی باسی لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و گوتی، "رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پڕە لە نهێنی و کێبڕکێ و وادەرناکەوێت خەڵک لەسەر پێشینەی مێژوویی و ئایدۆلۆژی خۆیان کار بکەن."
عەبادی گوتیشی، "عێراق دەبێت ببێتە وڵاتی هاوسەنگیی ستراتیژی. لە کاتی کارکردنیشم وەک سەرۆکوەزیران، هەوڵم بۆ ئەوە دا."
فەلاح مستەفاش باسی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد و گوتی، "چەندین خاڵ هەن کە دەبێت تیشکیان بخرێتە سەر. یەکەمیان ئەوەیە هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە چاودێریی کرا. دووەمیش رێژەی بەشداریکردنە. رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بەرز بوو و پێشبینییەکانیشی تێپەڕاند."
فەلاح مستەفا گوتی، "دەبێت پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ دەست بە دیالۆگێکی بنیادنەرانە بکەن بۆ ئەوەی حکومەتێک پێبهێنن، وەڵامی چاوەڕوانییەکانی خەڵک بداتەوە."
هەر لە پانێڵەکەدا فەلاح مستەفا باسی لە هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کردووە دەست بە "دیالۆگێکی بنیادنەرانە" بکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ حکومەت پێکبهێندرێت.
لەبارەی سەردانەکەی هەفتەی رابردووی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا گوتی، "سەردانەکەی هەفتەی رابردووی سەرۆکوەزیران بۆ هەولێر کە چوارەم سەردانییەتی لەو کاتەوەی دەستبەکار بووە، شتێکی گرنگە و ئەوە دەردەخات ئێمە هەموومان لەم پڕۆسەیەدا بەیەکەوەین."
فەلاح مستەفا پەیوەندی هەولێر و بەغدای بە "کلیلی سەقامگیریی" عێراق ناوبرد و گوتی، "کاتێک عێراق لەنێوخۆیدا لە ئاشتیدایە، دەتوانێت لەگەڵ دراوسێکانیشی لە ئاشتیدا بێت."
لەبارەی هەوڵەکان بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، فەلاح مستەفا رایگەیاند "بەهاوکاریی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی پەیکەربەندیی وەزارەتی پێشمەرگە بنیادبنێینەوە و هێزی پێشمەرگە یەکبخەینەوە، لەوبارەیەوەش بەرەوپێشچوونی باش هەبووە."
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا گوتی، تورکیا ئامادەیە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای خواست محەممەد شیاع سوودانی لە رێگەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پەرلەمانی عێراق، رۆڵی لە هەموارکردنەوەی یاسای بوجەدا هەبێت بۆ ئەوەی لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان یارمەتیدەر بێت.
رۆژی 6ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەمواری مادەی 12/ دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی 2023ـی پەسندکرد، کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی هەموارەکە، تاوەکو ئەو کاتەی دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند، نرخی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، حکومەتی عێراق لە بەرامبەر بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت 16 دۆلار دەداتە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا، فەلاح مستەفا وەڵامی پرسیاری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و گوتی، "ئێمە، دەبێت پەیوەندییەکی هاوسەنگمان لەگەڵ دراوسێکانمان هەبێت، بەشێوەیەک کە لەسەر بنەمای متمانە، لێکتێگەیشتن و بەرژەوەندی هاوبەش بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ