رووداو دیجیتاڵ
دوای 10 ساڵ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سلێمانی و هەمەدان، پرۆتۆکۆلی دەستەخوشکی بازرگانی لە نێوانیان واژۆکرا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەمەدان دەڵێت، ''ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەم دوو شارە نزیکەی 42 ملیۆن دۆلارە.".
رۆژی دووشەممە 20-11-2023، کۆڕبەندی ''دەستەخوشکی بازرگانی''ـی سلێمانی و هەمەدانی ئێران لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''10 ساڵە پەیوەندیی بازرگانی لە نێوان سلێمانی و هەمەدان دەستیپێکردووە".
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە کرد، دەیانەوێت پەیوەندیی بازرگانیی نێوان سلێمانی و هەمەدان قووڵتر بکەن، ''بۆیە ماوەیەک بەر لە ئێستا کە بە شاندێک بەشداریی کۆنگرەیەکی بەهێزمان لە شاری هەمەدان کردبوو، بانگهێشتی بەڕێزیانمان کرد سەردانی سلێمانی بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر لێکتێگەیشتنمان هەبێت، ئەمڕۆش بە گریبەستێکی [بارزگانی] شاری سلێمانی و هەمەدان دەکەینە دەستەخوشک".
وەک سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان دەڵێت، هەوڵیانداوە خاوەن کارگەکانی شاری هەمەدانی ئێران لەگەڵ هەندێک لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و سلێمانی کاری هاوبەش بکەن و لەمڕۆدا گرێبەستی تایبەت بە کاری هاوبەش واژۆ بکەن.
رەحمان نادی، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەمەدان لە رێوڕەسمەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، "ئێمە گرێبەستی زۆرمان لە نێوان بارزگانانی هەمەدان و ئەندامانی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان واژۆکردووە، بە جۆرێک کە لووتکەی چالاکییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ساڵی 2016 بووە بە نزیکەی 65 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی".
بەگوتەی رەحمان نادی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بارزگانیی نێوان هەمەدان و هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵی 2016 دابەزیوە و ئێستا نزیکەی 42 ملیۆن دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ