رووداو دیجیتاڵ
رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان گلەیی لە شێوازی بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت هەیە و دەڵێت، سکاڵا تۆمار دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''دەنگدانی گشتی بە باشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام داواکارین [ئەنجامی] دەنگدانی تایبەت لە هەڵەبجە هەڵبوەشێنرێتەوە''.
عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دوای دەنگدانی لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە هەولێر قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند، ''پرۆسەکە زۆر بە ئاسایی بەڕێوەدەچێت. داوا دەکەین ئینشائەڵڵا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە گوڕوتینێکی زۆرەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەشداری هەڵبژاردن بکەن''.
عیرفان عەبدولعەزیز باسی لە دەنگدانی تایبەت کرد کە 18ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو و گوتی، ''ئەو دەنگانەی هەمانبوون خرابوونە سەر دەنگدانی گشتی. بۆ نموونە، ئێمە لە هەڵەبجە یەک دەنگدەری تایبەتیشمان مافی نەبوو لەوێ دەنگ بدات و هەموویان خرابوونە سەر دەنگدانی گشتی یان بۆ سلێمانی گوێزرابوونەوە، ئەوەش لە هەڵەبجە و سلێمانی گلەییەکی زۆری لێکەوتەوە''.
بە گوتەی رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، لە هەولێر تەنیا دوو کەسیان مافیان هەبوو لە دەنگدانی تایبەت دەنگ بدەن، چونکە "کۆمیسیۆن کۆمەڵێک شتی کردووە کە دواتر دەکرێت سکاڵا تۆمار بکەین''.
عیرفان عەبدولعەزیز گوتی، ''ناوی هەموو لایەن و حیزبەکان بە کوردی نووسراوە، جگە لە بزووتنەوەی ئیسلامی. هۆکارەکەی چییە؟ تەنیا بۆ ئەوەی سەر لە دەنگدەر تێکبدەن؛ بۆیە گلەییمان لە کۆمیسیۆن زۆرە''.
رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو کە هەموو لایەنەکان، جگە لە لایەنێک، لە هەڵەبجە سکاڵایان تۆمارکردووە و "داواکارین دەنگدانی تایبەت [لەو پارێزگایە] هەڵبووەشێندرێتەوە، چونکە ناشەفاف بوو و هیچ کەس لەسەری رەزامەند نەبوو، جگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.''
عیرفان عەبدولعەزیز وەک پەیامێک بۆ قۆناخی دوای هەڵبژاردن گوتی، ''حەز دەکەین بە زووترین کات ئەو هێزانەی کە سەردەکەون، لەگەڵ یەکدی دابنیشن بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێنن و پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لای دراوسێکان و لە بواری نێودەوڵەتییەوە بەهێزتر بکەن، چونکە لە دوو ساڵی رابردوودا بۆشاییەکی سیاسیی گەورە [لە هەرێمی کوردستان] دروست بووە''.
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پرۆسەکە دروشمی تووندیان بەرامبەر یەک بەکاردەهێنا. رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان گوتی، "پێموایە دوای هەڵبژاردن ئەوە نامێنێیت و خاودەبنەوە. هەمووان ئینشائەڵڵا بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دەخەنە پێش هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکە''.
عیرفان عەبدولعەزیز گوتی، ''مەگەر فێڵمان لێ بکرێت، ئەگەر نا 100٪ لە هەڵەبجە کورسی دەبەین. لە سلێمانی و هەولێریش هەروا''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ