رووداو رووداو
قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە پارێزگاکەیان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت.
نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە دوای دەنگدانی، قسەی بۆ سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە هەڵەبجە کرد و رایگەیاند، "پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە پارێزگای هەڵەبجە زۆر زۆر باشە".
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەرسەلان عابید، رێکخەری تۆڕی شەمس لە هەڵەبجە بە سازگار سەڵاحی گوت، "پێشیلکارییەکانی دەنگدانی گشتی بەراورد بە دەنگدانی تایبەت کەمترن، بەڵام بەکارهێنانی مۆبایل جارێکی دیکە لێرە دووبارە بووەتەوە و رێگە لێنەگرتنی لەلایەن چاودێرانی کۆمیسیۆنەوە یەکێکە لەو دیاردە نەخوازراوانەی کە پێمان وایە یەکێک لە مەرجەکانی دەنگدان کە پاراستنی نهێنیییە، نێوەڕۆکەکەی نامێنێت. هەروەها هێزێک هەیە نایەوێت خەڵک وەک پێویست دەنگبدات".
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و نوخشە ناسیح
رووداو: لە هەڵەبجەکێشەی تەکنیکی روویداوە؟
نوخشە ناسیح: پرۆسەکە زۆر باشە. تەنیا هەندێک هاووڵاتی هەن پەنجەیان نایخوێنێتەوە، بەڵام لە وێستگەکان هەندێک تەکنیکیان دۆزیوەتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و سوودیشی هەبووە. هیوادارین کەس کێشەی نەبێت و هەموو کەس بتوانێت دەنگی خۆی بدات و پرۆسەکە بەباشی بەڕێوەبچێت.
رووداو: پڕۆسەکە لە هەڵەبجە چۆن بەڕێوەدەچێت؟
نوخشە ناسیح: لە هەڵەبجە پرۆسەکە زۆر زۆر باشە؛ هیوادارین تاوەکو کاژێر 6:00 هەموو کۆتایی بێت و هەموو کەس بتوانێت ئازادانە دەنگی خۆی بدات.
رووداو: چی بەو کەسانە دەڵێت کە دەڵێن دەنگ نادەن؟
نوخشە ناسیح: دەنگدان مافێکی تاکەکەسیی مرۆڤە، بۆیە زۆر گرنگە هاووڵاتییان بێن و لە رێگەی دەنگدانەوە بوونی خۆیان بسەلمێنن بۆ ئەو کەسەی متمانەی پێیانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ