رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی دەڵێت، لە دەنگدانی تایبەتدا هیچ بەهایەک بۆ هەڵبژاردن نەما و دەنگدەران بە دڵخوازی خۆیان دەنگیان نەدا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''ئەمڕۆ بەراورد بە 18ـی مانگ، دۆخەکە باشترە و پێشبینی دەکەم خەڵکێکی زۆر بەشداری هەڵبژاردن بکەن''.
عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدانی گشتی لە گەڕەکی موفتیی هەولێر دەنگی دا، دواتر قسەی بۆ دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''لەکاتی دەنگدانی تایبەتدا گوشارێکی زۆر هەبوو؛ هیچ بەهایەک بۆ هەڵبژاردن نەمابووەوە، چونکە هەڕەشە و زۆری لە دەنگدەران کرا بۆ ئەوەی وێنە لە دەنگەکانیان بگرن''.
عەلی حەمە ساڵح پێشبینی دەکات رێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردن زۆر بێت و گوتی، ''ململانێیەکە جددییە. خەڵکێکی زۆر ئومێدی بەم هەڵبژاردنە هەیە و پشتیوان بە خودا ئەم بەشدارییە دەبێت بە هەڵوێستێک بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بچێتە قۆناخێکی نوێوە''
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و عەلی حەمە ساڵح:
رووداو: هیچ تێبینییەکتان لەسەر پڕۆسەی دەنگدان هەبوو؟
عەلی حەمەساڵح: بێگومان لە 18ـی مانگ (دەنگدانی تایبەت) گوشارێکی زۆر هەبوو، دەتوانم بڵێم ئێستا باشە. لە 18ـی مانگدا هیچ بەهایەک بۆ هەڵبژاردن نەما، چونکە هەڕەشەی دەرکردن و گواستنەوە [لە دەنگدەران] دەکرا؛ هەموویان زۆریان لێکرابوو وێنەی دەنگەکانیان بگرن؛ نزیکەی 30 هەزار کەس وێنەیان گرت و [دواتر] دەنگەکانیان سووتاند.
18ـی مانگ دەنگدانێکی دڵخوازانە نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ باشترە. هیوادارم خەڵک نەترسێت و بچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان. بێگومان هیچ کەسێک نازانێت کێ دەنگی بە کێ داوە. ئەوانەی کە گوشاریان لەسەرە بەتایبەتی هێزە تایبەتەکان، لە دوێنێوە ئێمە ئاگادارین لە زۆر شوێن گوشاریان لێ کراوە کە ئەگەر کەسوکاریان وێنە لە دەنگەکانیان نەگرن، ئەوان دەگوێزرێنەوە. بێگومان کامێرا قەدەخەیە. ئەو خەڵکە دەتوانن بڵێن کامێرا قەدەخەیە و رێگەیان پێ نەداوین وێنە بگرین.
خاڵێکی دیکە کە زۆر گرنگە ئەوەیە کە هیوادارم خەڵک بەشداریی دەنگدان بکات و ئەوەی کە دەنگی ناڕازییە ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆش بەشداربن، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە دوای کاژێر 12:00 ئامێرەکان گرفتێکیان بۆ دروست بێت.
خاڵێکی دیکە کە زۆر گرنگە لەبارەی ئەو دەنگانەی کە دەسووتێن، ئەگەر [دەنگدەران] دەنگیان دا، لە چوار گۆشەکە یەک جار مۆر لێبدەن، ئەگەر کاڵیش بوو، دووبارەی نەکەنەوە، چونکە بێگومان دەنگەکە دەسووتێت. ئەوە هۆکاری سووتاندنی بەشێکی زۆر لە دەنگەکانە. پێم وایە رێژەی بەشداری زۆر دەبێت؛ ململانێیەکە جیدییە، خەڵکێکی زۆر ئومێدی بەم هەڵبژاردنە هەیە و پشتیوان بە خودا ئەم بەشدارییە دەبێت بە هەڵوێستێک بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بچێتە قۆناخێکی نوێوە.
رووداو: تێبینیت بۆ دوای هەڵبژاردن چییە؟
عەلی حەمە ساڵح: پێموایە رێژەی بەشداری زۆر دەبێت و هەردوو حیزبی دەسەڵات تووشی پاشەکشە دەبن، ئەمە لەوانەیە قۆناخێکی کەمێک سەخت بێت، بەڵام مەحاڵ نییە و تێدەپەڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ