رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی تەیراوەی هەولێر ئاگر لە مۆتێلێک کەوتەوە و خاوەنی مۆتێلەکە دەڵێت، رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە و لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵکراوە.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 20-10-2023، ئاگر لە ژووری مۆتێلێک لە گەڕەکی تەیراوەی هەولێر کەوتەوە و ژوورەکە بە تەواوی سووتا. بەپێی زانیارییەکانی دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، دوو کرێکاری سووریایی لە ژوورەکەدا بە بەکارهێنانی گازی بچووک سەرقاڵی چێشتلێنان بوون کە لە ناکاو گازەکە تەقیوەتەوە و ئاگرکەوتنەوەکە روویداوە. گوتیشی، ''کرێکارەکان خۆیان رزگارکردووە و چوونەتە دەرەوە.''
عەلی کە خاوەنی مۆتێلەکەیە بە پەیامنێری رووداوی گوت، ''رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە؛ تەنیا دوو کرێکار بەهۆی هەناسەتووندیەوە گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. ئێستاش دۆخی تەندروستییان جێگیرە.''
خاوەنی مۆتێلەکە لەبارەی هۆکاری تەقینەوەی گازەکە گوتی، ''کرێکارەکان لەو کاتەدا خەریکی ئامادەکردنی خواردنی نیوەڕۆ بوون. تیمەکانی بەرگریی شارستانی زۆر زوو گەیشتنە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد.''
مۆتێلەکە زیاتر کرێکارانی سووری و رۆژئاوای کوردستانی تێدا دەمێننەوە کە بەهۆی رووداوەکەوە یەکێک لە ژوورەکان بە تەواوی سووتا.
بەپێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە نۆ مانگی ئەمساڵدا 1711 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر تۆمارکراون؛ 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانە مادییەکانی سەرجەم رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەش بە یەک ملیار و 568 ملیۆن و 750 هەزار دینار مەزەندە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ