رووداو دیجیتاڵ
دانیشتنی دادگەی مێردین تایبەت بە کوژرانی پێنج هاونیشتمانییەکەی دهۆک بەڕێوەچوو. نوێنەرێکی کەسوکاری ئەو هاونیشتمانییانە دەڵێت، ''بە دوای بەڵگەدا دەگەڕێین بۆ دۆزینەوەی دەستی پشت تاوانەکە".
رۆژی هەینی، 20-10-2023، حەربی جەلالەدین، نوێنەری کەسوکاری قوربانییان بە عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێیان وایە تاوانەکە پلان بۆ داڕێژراو بووە و بە دوای بەڵگەدا دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی ئەو لایەنەی لەپشت ئەو تاوانەوە بووە.
رۆژی 19-01-2023 پێنج ئەندامی دوو خێزانی دانیشتووی شاری دهۆک کە بۆ چارەسەری پزیشکی دەچوونە تورکیا، لە رێگەی سەرەکیی نسێبین - مێردین لە باکووی کوردستان، دوو چەکدار ئۆتۆمبێلەکەیان راگرت و بە دەمانچە چوار کەسیان کوشت و کەسی پێنجەمیشیان بە سەختی بریندار کرد. دوای رۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئەویش گیانی لەدەستدا.
هەریەک لە عەبدوڵڵا کاپڵان و فارس ئاکسەڤەن تۆمەتباری سەرەکین؛ تۆمەتی ئەوەش دەدرێتە پاڵ ئیبراهیم دۆغان، مورات یغیت و چیغدەم بوزکورد کە هاوکارییان کردوون. یەکێکیان تۆمەتەکەی ئەوەیە کە چەکی بۆ دابینکردوون؛ یەکێکیان تۆمەتەکەی ئەوەیە کە چەکەکەی شاردووەتەوە؛ ئەوی دیکەش ئۆتۆمبێلی بە دوو تۆمەتبارە سەرەکییەکە داوە.
ئەو نوێنەرەی کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکە گوتیشی، ''ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، بکوژی بەکرێگیراون و بەپێی یاسا سزا دەدرێن، بەڵام ئێمە بەدوای بەڵگەدا دەگەڕێین بۆ دۆزینەوەی ئەو لایەنەی لە پشت تاوانەکەوەیە. بە زووترین کات دەگەینە ئەنجامێکی باش، لایەنە شاراوەکەش ئاشکرا دەکەین کە بە چی مەبەستێک ئەو تاوانەی کردووە".
کەسوکاری قوربانییان گومانیان لە سێ کەسی دیکەش هەیە. بەگوتەی حەربی جەلالەدین، دادگە داوای ئامادەبوونی ئەوانیشی کردووە، بەڵام ئامادە نەبوون و گوتیشی، ''نازانم بۆچی نەهاتوون. پارێزەرەکەمان بەدواداچوون دەکات و دەبێ دادگایی بکرێن، چونکە بەڵگەی روون لەسەریان دەردەکەوێت و رەنگە لە دانیشتنەکانی داهاتوودا دادگە بەزۆریش بیانهێنێت''. حەربی جەلالەدین دەڵێت، دادگە زۆر رژدە لەسەر بە ئەنجام گەیاندنی دۆسیەکە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سێیەمین دانیشتنی کوژرانی پێنج هاونیشتمانییەکەی دهۆک لە 16-01-2024 بەڕێوەدەچێت.
ناوی ئەو پێنج هاونیشتمانییە کە لە نزیک مێردین بە دەستڕێژی گولـلە کوژران بریتین لە حاجی عەبدوڵڵا ساڵح مستەفا تەمەن 69 ساڵ، چیمەن شاهین خالید تەمەن 75 ساڵ کە هاوژینی حاجی عەبدوڵڵا بوو؛ هندرێن عەبدوڵڵا ساڵح تەمەن 39 ساڵ و کچی حاجی عەبدوڵڵا بوو؛ واحیدە حەیدەر جاسم تەمەن 63 ساڵ و مەلا ئەحمەد جەلالەدین ئیبراهیم تەمەن 45 ساڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ