رووداو دیجیتاڵ
ماوەی سێ کاژێر شەڕ و بۆردوومان لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا لە سنووری چەند گوندێکی قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک روویدا، هەروەها ئاگر لە چواردەوری گوندێک کەوتەوە.
رۆژی چوارشەممە 20-9-2023، شێروان سەرگەلی دانیشتوویەکی گوندی سەرگەلییە، بە رووداوی راگەیاند: "لە کاژێر 10:00ـی شەوی رابردوو و تاوەکو کاژێر 01:00ـی شەو، تورکیا لە رێگەی چوار هێلیکۆپتەرەوە بۆردوومانی سنووری گوندی سگێری و زنجیرە چیای مەتین لە نزیک گوندی بەلاڤە و سەرگەلی لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک کرد."
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، "جار جارە گوێیان لە دەنگی چەکی سووک و چەکی قورسیش بووە، پێدەچوو گەریلاکانی پەکەکە وەڵامی هێرشەکەیان دابێتەوە. شەڕەکە ترسێکی گەورەی لای خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە."
چیای مەتین، بەدووری شەش کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی، رۆژانە جمووجۆڵی هێزەکانی تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە چیاکە هەیە و هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا بەردەوام بۆردوومانی ناوچەکە دەکەن، بەو هۆیەشەوە چەندین خێزان گوندەکانیان جێهێشتووە.
لەبارەی زیانەکان، شێروان سەرگەلی گوتی، بەهۆی بۆردوومانەکەوە ئاگر لە چواردەوری گوندەکە کەوتووەتەوە و ئاگرەکە گەیشتووەتە بەشێک لە لەوەڕگاکان و بێستانەکان و چەندین درەخت بەو هۆیەوە سووتاون. ئەو شوێنەی ئاگرەکەی لێکەوتووەتەوە تەنیا 800 مەتر لە گوندەکەوە دوورە، ئەوان بەهۆی بەردەوامی پێکدادان و بۆردوومانەوە ناتوانن بچن و ئاگرەکە بکوژێننەوە.
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە تورکیا لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە سنووری سگێری کە بە شوێنێکی گرنگی چیای مەتین دادەنرێت، بۆردوومان دەکات، شەوانە شەڕ و ئاڵۆزی و بۆردوومان لە ناوچەکە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ