رووداو - هەولێر
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بە شاری سلێمانیشەوە. بریکاری وەزارەتەکەش دەڵێت، هێڵەکە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دروست دەکرێت و حکومەت هیچ بڕەپارەیەک نادات.
رۆژی سێشەممە 20-9-2022، ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە هەندێک شوێن لێدوانی "هەڵە" بە ناوی ئەوەوە لەبارەی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر بڵاوکراوەتەوە باسی ئەو شوێنانە کراوە، کە هێڵەکەی تێدا دروستدەکرێت و ناوی سلێمانی لێ دەرهێنراوە، لە کاتێکدا "ئەو پڕۆژە بۆ هەموو کوردستانە."
ئاگرین عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەدا، دامەزراندنی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان لە قۆناخی خوێندنەوەی بەهای ئابووریيە و هەرکاتێک جێبەجێکرا، لە باکووری هەرێمی کوردستان تاوەکو باشووری دەبێت بە شاری سلێمانيشەوە.
بەردەوام بەشێک لە هاونیشتمانیان باس لەوە دەکەن لە بری دروستکردنی ئەو شەمەندەفەرە باشترە حکومەتی هەرێمی کوردستان پارە بۆ تەواوکردنی رێگەوبانەکان خەرجبکات، لەو بارەوە ئاگرین عەبدوڵڵا گوتی: "بابەتی دروستکردنی شەمەندەفەر هیچ پەیوەندی بە رێگەوبانەوە نییە، ئەوەی ئەو پڕۆژە دەکات کەرتی تایبەتە و هیچ پارەیەک لە حکومەت وەرناگرێت."
رۆژی پێنجشەممە، 31ـی ئاداری 2022، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای کۆنسەڵتراسی ئیسپانی کرد، کە کۆمپانیایەکی شارەزایە لە ئەنجامدانی خوێندنەوە بۆ گونجانی ئابووری لە بارەی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان.
واژۆکردنی ئەو گرێبەستە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە بۆ خوێندنەوەی گونجانی ئابوورییە تاوەکو بزاندرێت ئایا دامەزراندنی تۆڕی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کورستان لەڕووی ئابوورییەوە چ کاریگەرییەکی ئەرێنی هەیە لەسەر کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان.
پێویستە لە ماوەی نۆ مانگدا کۆمپانیاکە راپۆرت و لێکۆڵینەوەکانی بداتە وەزارەت، دوو ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بۆ جێبەجێکردنی لێکۆڵینەوەکە تەرخانکراوە.
پێشتر ئاگرین عەبدوڵڵا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند: درێژیی تۆڕەکە نزیکەی "915 کیلۆمەترە، لە سێ قۆناخی سەرەکی پێکدێت. قۆناخی یەکەمیان هێڵێکی سەرەکییە کە خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل بە خاڵی سنووری پەروێزخانەوە دەبەستێتەوە. واتە تورکیا بە هەرێمی کوردستان و ئێران و عێراق بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم هێڵەیان بەشی یەکەمە و نزیکەی 600 کیلۆمەترە کە بە شارە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، لە کەرکووکەوە بە عێراق دەبەسترێتەوە، لە موسڵیشەوە بە بەشەکانی دیکەی عێراق دەبەسترێتەوە.
بەشی دووەم و سێیەمی پڕۆژەکە وەکو بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە باسی کرد، "هێڵە لاوەکییەکانە، کە هێڵێک دەڕوات بۆ ناوچەی حاجی ئۆمەران، ناوچەی بەرواری، قەڵادزێ، هەڵەبجە و پێنجوێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ