کارکردن لە 54 پڕۆژەی رێگەوبان لە سلێمانی وەستاوە

20-08-2024
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ  

بەرپرسێكی رێگەوبانی سلێمانی دەڵێت، لە كۆتایی ئەم ساڵدا رێگەی ‏دەربەندیخان - كەلار تەواو دەبێت ‌و هەوڵی جیدیش هەیە بۆ ‏دەستپێكردنەوەی قۆناخی دووەمی رێگەی دووكان – چوارقوڕنە.‏
 
كاروان حەمەئەمین، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگە‌وبان ‌و ‏ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی لە كاتی بەشداریکردنی لە ‏پۆدكاستی (بە كاتیی سلێمانی) ‏رادیۆی رووداو كە رۆژانی سێشەممە ئاسۆ ‏سەراوی پێشكێشی دەكات ‏رایگەیاند، كاركردن لە رێگەی دەربەندیخان - كەلار كە 40 کیلۆمەترە و 82% ‏كارەكانی تەواو بووە بەردەوامە ‌و گوتیشی، "ئێستا كۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە هەفتانە نزیكەی ‏‏500 ملیۆن دیناری بۆ خەرج دەکرێت. ئەگەر خەرجکردنی پارەكە بەردەوام ‏بێت، تاوەكو كۆتایی ئەم ساڵ ئەو رێگەیە تەواو دەبێت ‌و ‏دەكرێتەوە".‏
 
رێگەی دووكان – چوارقوڕنە، شاری سلێمانی بە ئیدارەی راپەڕین ‌و پارێزگای هەولێر ‏دەبەستێتەوە و كاركردن تێیدا كراوەتە سێ‌ قۆناخ. قۆناخی ‏یەكەم 29 کیلۆمەتر دەگرێتەوە ‌و 97% كارەكانی تەواوبوون؛ قۆناخی دووەم 25 کیلۆمەترە و 41% كارەكانی تەواو بوون، بەڵام ئێستا كاركردن تێدا ‏وەستاوە؛ قۆناخی سێیەمیش 10 کیلۆمەترە و هێشتا هیچ كارێكی تێدا ‏نەكراوە.
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگە‌وبان ‌و ‏ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی گوتی، هەوڵ هەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا کارکردن لە قۆناخی دووەمی رێگەکە دەست پێبکاتەوە. 
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی رێگەوبانی سلێمانی، كاركردن لە رێگەی وارماوا ‏‏– دەربەندیخان ئێستا بەهۆی نەبوونی بودجەوە ‏راگیراوە، بەڵام كاركردن لە رێگەی پێنجوێن – باشماخ كە 10 كیلۆمەترە ‏بەردەوامە‌ و هەفتانە 200 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان دەکرێت ‌و گوتیشی، ‏‏"رێگەی پێنجوێن – باشماخ كە زیاتر رێگەیەكی بازرگانییە 80% كارەكانی ‏تەواو بوون ‌و پێشبنی دەكرێت ئەم ساڵ كارەكانی تەواو بكرێن".‏
 
بەرپرسەكەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان ‌و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین ساڵە ‏54 پڕۆژەی رێگەوبان لە سنووری سلێمانی كە بودجەكەیان 6 ملیار دینار ‏وەستاوە، دیاریش نییە كەی كاركردن لەو رێگەیانە دەستپێدەكاتەوە.‏

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە