رووداو دیجیتاڵ
لە پێنجشەممەی رابردووەوە دابەشکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە دەستیپێکردووە و بڕیاربوو مووچەی دوو مانگ پێکەوە وەربگرن، بەڵام بەشێک لە پێشمەرگەکانی هێزەکانی 70 تەنیا مووچەی یەک مانگیان وەرگرتووە و ئەمڕۆش ئەو پێشمەرگانەی چوون بۆ مووچە تەنیا یەک مووچەیان پێدراوە.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەبوو پێنجشەممە، 18-07-2024، وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی یەکەی 70 و 80، هێزەکانی زێرەڤانی، هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن دوو مووچەی دواخراویان وەربگرن کە مووچەکانی مانگی پێنج و شەشی رابردووە.
نزیکەی 5 هەزار پێشمەرگەی یەکەی 70 لە بانکی مەڵکەندی لە شاری سلێمانی مووچە وەردەگرن. شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکەکە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو هەزار و 200 پێشمەرگە ناویان تەنیا لە لیستی مانگی شەشدا هەبوو کە مووچەی مانگەکانی 5 و 6 وەربگرن، نزیکەی دوو هەزار و 800 کەسی دیکەیان ناویان نییە و یەک مووچە وەردەگرن".
شۆخان عومەر گوتی، ئەوان بەگوێرەی لیستی بەردەستیان مووچە دابەش دەکەن و نەدانی دوو مووچە بەو پێشمەرگانە پەیوەندی بە بانکەوە نییە؛ "وەزارەتی پێشمەرگە بە ئێمەیان گوتووە بە پێشمەرگەکان بڵێین مووچەی مانگی شەشیان لەگەڵ مانگی حەوتدا پێ دەدرێت".
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، بەشێکی پێشمەرگەکانی هێزەکانی 70 لە ئیدارەی گەرمیان و قەزای چەمچەماڵیش یەک مووچەیان پێدراوە.
بەهۆی تێبینی لە لیستی مووچەخۆرانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان، مووچەی دوو مانگی ئەو هێزانە دواکەوتبوو تاوەکو 16ـی تەممووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 676 ملیار و 36 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی هێزەکانی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژمارەکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ