رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناوی بەربژێرەکان زیاتر لە 15 رۆژیان پێویستە، پاشان ژمارە دەدرێتە لیست و بەربژێرەکان.
پێنجشەممەی رابردوو دوایین رۆژ بوو بۆ تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. ئەمڕۆ شەممە، 20ـی تەممووز، مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی لەپێشمانە وردبینی ناوی بەربژێرەکانە، دواتر ناردنی ناوەکان بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی بۆ پەسندکردن".
ئەوانەی بڕوانامەیان هەیە، کۆمیسیۆن بۆ پشتڕاستکردنەوەی بڕوانامەکان هاوئاهەنگی لەگەڵ زانکۆکانیان دەکات. مەروان محەممەد دەڵێت، "هەموو ئەو رێکارانە تەواوبوون و ناوی بەربژێرەکان پەسندکرا، ئیدی تیروپشک بۆ پێدانی ژمارە بە لیست و بەربژێرەکان دەکرێت".
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان 190 بەربژێری هەیە؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 172 بەربژێر، بەرەی گەل 121 بەربژێر، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێر، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 71 بەربژێر و رەوتی هەڵوێست 74 بەربژێریان دەبێت.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ سلێمانی 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە 3 کورسی دیاریکراون. لەهەریەک لە هەولێر و سلێمانی 2 کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان دانراون؛ لە دهۆک کورسییەک بۆ کۆتای ئەرمەن تەرخان کراوە.
26ـی مانگی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دەرکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ