رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ ساڵی نوێی خوێندن زۆرترین دەرفەت بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی دەڕەخسێنن.
دوێنێ ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی 12ـی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان راگەیێندرا. ئەمڕۆ شەممە 20-07-2024، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، بۆ خوێندنی ساڵی 2024 – 2025 زۆرترین دەرفەت بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی دەڕەخسێنین".
24ـی ئەیلوولی ساڵی 2023، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، وەکو سێ ساڵی رابردوو، تەواوی دەرچووان کە داواکاریی خوێندنیان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان پێشکێشکردووە وەردەگرن.
ساڵی رابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانی وەرگرتنی 63 هەزار و 13 دەرچووی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان هەبوو، بەڵام ژمارەی دەرچووان لەوە کەمتر بوو.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە خوێندنی باڵای داوە، ساڵی رابردوو 47 هەزار و 788 دەرچووی 12ـی ئامادەیی هەبوون؛ 30 هەزار و 661 دەرچووی زانستی، 15 هەزار و 716 دەرچووانی وێژەیی، هەزار و 250 دەرچووی پیشەیی و 159 دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان.
به گوێرەی ئامارەکانی وهزارهتی پهروهردهی حكومهتی ههرێمی كوردستان، ئەم ساڵ 122 هەزار و 15 قوتابی مافی بهشداریکردنیان لە خولی یەکەمی تاقیكردنهوه گشتییهكانی پۆلی 12دا هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ