رووداو دیجیتاڵ
بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری لە بەغدان. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، دەیانەوێت بگەنە بڕیارێک لە بەرژەوەندیی جووتیاران بێت.
شاندەکە ئەمڕۆ دووشەممە 20ی ئایاری 2024 کۆبوونەوەکانیان لە بەغدا دەستپێکرد. هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق و بەرپرسانی دیکەی بەغدا لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ بە داتا رێژەی بارانبارین، رووبەری چێندراوی زەوی هەرێمی کوردستان بە گەنم و بەرهەمەکە بۆ شاندی عێراقی دەخەنەڕوو و گفتوگۆی لەسەر دەکەن.
هیوا عەلی ئاماژەی بەوە کرد، "دەبێت ئەمڕۆ بگەینە بڕیارێک بۆ چەسپاندنی وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستان و لە بەرژەوەندیی جووتیاران و جیا بێت لە ساڵی رابردوو."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، عێراق پێشنیازی کردووە 650 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان رەتیکردووەتەوە. هیوا عەلی دەڵێت، "قسە هەیە لەسەر بنەمای بڕشت گەنممان وەربگیرێت، ئەگەر وابێت دەبێت زیاتر لە ملیۆن و نیوێک تۆن گەنممان لێ وەربگرن."
کاتی دروێنەکردنی گەنمە و تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق سایلۆکانی بەڕووی گەنمی هەرێمی کوردستاندا نەکردووەتەوە. بەو ئامانجە شاندەکەی هەرێمی کورستان شەوی رابردوو گەیشتە بەغدا، کە سایلۆکان بکرێنەوە.
سەردانەکەی بێگەرد تاڵەبانی دەبێتە سێیەم سەردانی لە سێ هەفتەی لەسەر یەک بۆ بەغدا.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی عێراق ئەم ساڵیش تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرناگرێت.
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دیناری دەدایە جووتیاران، بەڵام بەرهەمی گەنمی جووتیاران "زۆر لەوە زیاتر بوو"، ئەوەی مایەوە، جووتیاران ناچاربوون لە بازاڕەکاندا بە نرخی کەمتر ساخی بکەنەوە.
ئێستا گفتوگۆیەکی دیکە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەویش لەسەر بنەمای بڕشتی گەنمەکەیە. هیوا عەلی دەڵێت، "پێشنیازێک هەیە بۆ بڕشتی هەر دۆنمێک کە (غیلە)ـی پێ دەڵێن 600 کیلۆ و کەمێک زیاتر دابنرێت، ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە بکرێت دەبێت زیاتر لە ملیۆن و نیوێک تۆنمان لێ وەربگرن، بەڵام قسەیە و نەچەسپاوە."
ئەم ساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە رووپێوییەکدا ژمارەی دۆنمە بە دانەوێڵە چێندراوەکانی دیاریکرد. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتەکە بۆ رووداو، زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی بە دانەوێڵە چێندراوە کە 2 ملیۆن و 955 هەزار و 376 دۆنمی بە گەنم چێندراوە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 سایلۆ ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنم
هێشتا وەرگرتنی گەنم لە هیچ سایلۆیەکی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووە، بەڵام زیاتر لە 10 سایلۆ ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنم و چاوەڕێی فەرمانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەکەن.
لە پارێزگای سلێمانی سایلۆکانی پیرەمەگروون، چەمچەماڵ، سەیدسادق و راپەڕین هەن. جووتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی، دوێنێ بە رووداوی گوت، "لە سنووری پارێزگاکە تەنیا لە گەرمیان دروێنە دەستیپێکردووە و جارێ ناوچەکانی دیکە ماون."
هەروەها ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرهەمی ئەم ساڵمان کە ئامادە ببێت بۆ سایلۆکان 400 هەزار تۆن دەبێت؛ بەڵام بەگشتی بەرهەممان لەنێوان 550 هەزار بۆ 600 هەزار تۆن دەبێت."
بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی پارێزگای دهۆک سێ سایلۆ لە سنوورەکە ئامادەن. ئەحمەد جەمیل دەڵێت، "سایلۆی چوارەمیش ئامادەیە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەغدا کۆدی پێنەداوە، چونکە بۆ وەرگرتنی گەنم دەبێت بەغدا کۆد بە سایلۆکان بدات."
ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لە مێژووی ئەو وڵاتە.
بۆ کڕینەوەی هەر تۆنێک گەنمی جووتیاران، حکومەتی عێراق 850 هەزار دیناری داناوە، هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە، عێراق سەرجەم گەنمی جووتیاران بکڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ