سەعدی ئەحمەد پیرە: ئەگەر یەکێتی و پارتی بیانەوێ دوای سێ هەفتەی دیکە هەڵبژاردن دەکرێت

20-05-2023
هیدایەت جان
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، پێشنیازی یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان پڕۆژەی نەوشیروان مستەفا بووە و یەکێتی بە هەمان نەفەسی ئەو کات پێشوازی لە پێشنیازەکە دەکات. لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش رایدەگەیێنێت، ئەگەر یەکێتی و پارتی بیانەوێت، دوای سێ هەفتەی دیکە هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.

رۆژی شەممە، 20-05-2023، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و بابەتی یەکگرتنەوەی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕانی کرد و گوتی، پەیامی بافڵ تاڵەبانی بۆ یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان، پەیامی هەموو یەکێتیی نیشتمانییە.
 
یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان
 
سەعدی ئەحمەد پیرە یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان بە پێشنیازی نەوشیروان مستەفا دەزانێت و دەڵێت، "ساڵی 2017 نەوشیروان مستەفا سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەشی زۆری سەرکردایەتی ئامادەبوون، گوتی: ژیان و تەندروستیم رەنگە یارمەتیم نەدات پۆست وەربگرم؛ بۆیە کەس مەترسی ئەوەی نەبێت پۆستەکەی داگیر بکەم؛ من هاتووم لە سەلام و عەلەیکەوە تاوەکو یەکگرتنەوە ئامادەم".
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێیوایە، ئێستاش ئەو پرسە لەلایەن بەرپرسانی گۆڕانەوە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و پێشوازیکردنی ئەو بۆچوونەش لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە و گوتی، "بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەک سەرچاوە و بنەمای فکرییان هەیە و لە بازاڕی سیاسیشدا لەلایەن دوژمنەکانەوە بە یەک چاو سەیردەکرێن".
 
"پەیامی بافڵ تاڵەبانی بۆچوونی هەموو یەکێتییە"
 
رۆژی هەینی، 19-05-2023، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "‏‎ئەم یادە بە دەرفەت دەزانم تاوەكو ‏‎بە هەموو لایەکی رابگەیەنم یەکێتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو رێککەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان."
 
سەعدی ئەحمەد پیرە لەوبارەوە دەڵێت، "دەبێ ئەو پەیامەی کاک بافڵ بە گرنگ وەربگیرێت؛ ئەوە بۆچوونی هەموو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. ئەو رێککەوتنەی لە ساڵی 2017 کردمان وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە؛ کارێکی باش نەبووە و نابێ دووبارەی بکەینەوە و پێویستە رێکبکەوین و بە باشی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکەین".
 
"یەکێتی نایەوێ لە دەرگە و پەنجەرەی کۆتاکانەوە فێڵی لێبکرێت"
 
بڕیارە سبەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی لەبارەی پرسی هەڵبژاردن کۆببنەوە و بە گوتەی سەعدی ئەحمەد پیرە، "یەکێتی و پارتی دەبێ هەرچی زووە کۆببنەوە بۆ ئەوەی ئەو دەستپێشخەرییەی هەیە و ئەو کۆبوونەوە و لێکنزیکبوونەوانەی بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان ئەنجامدراون، لەسەر بڕگەیەک یان دوو بڕگە نەوەستن".
 
سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، "ئەوەی ئێستا گرفتی دروستکردووە، پرسی کۆتاکانە لە هەڵبژاردندا و لە راستیدا پێموایە ئەو پرسە بەلاڕێدا دەبرێت. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نایەوێ لە دەرگە و پەنجەرەی کۆتاکانەوە فێڵی لێ بکرێت. پێشتریش ئاماژەم داوە، ناکرێ بەر لەوەی یاری دەستپێبکات 11 گۆڵ بۆ لایەنی بەرامبەر تۆمارکرابێت".
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی داوای حیزبەکەی بۆ بەکارهێنانی تۆماری دەنگدەرانی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خستەڕوو و گوتیشی، "ئەگەر رازین با لیستی فیدراڵی قبووڵ بکرێت و دەبێت ئەو ئالەتانەشمان بدەنێ کە بابەتی بایۆمەتری پشتڕاست دەکەنەوە، بەبێ ئالەتەکان و پشتڕاستکردنەوەی دەنگ و ناسنامەکان، ئەوا هەمان تاس و حەمامە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت".
 
کورسیی کۆتاکان
 
سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی کێشەکانیان لەگەڵ پارتی لەسەر کورسیی کۆتاکان روونیدەکاتەوە کە ئەوان "بەهیچ شێوەیەک لایەنگری کەمکردنەوە و بێبەشکردنی پێکهاتەکان نین" و پێیوایە؛ "ئەم کارە کەسایەتی و متمانەی یەکێتی لەنێودەبات".
 
رۆژی 26-03-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد؛ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوای لە پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد، هەنگاوی کردەییان بۆ متمانەبەخشین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەبێت.
 
لەبارەی خواست و بۆچوونی یەکێتی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، "ئەگەر یەکێتی و پارتی بیانەوێ، پاش سێ هەفتەی دیکە هەڵبژاردن دەکرێت".
 
رۆژی 11-05-2023 سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە؛ داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ـی ئەم مانگە بکرێت بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن."
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە شکرد، پێش ئەو کۆبوونەوە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە؛ بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن؛ هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن."
 
پارتی و یەکێتی پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و رۆژی سێشەممە 16-05-2023 شاندی مەکتەبی سیاسی هەردوولا لە سلێمانی کۆبوونەوە. شاندی پارتی پێکهاتبوو لە مەحموود محەممەد، رێبوار یەڵدا، عەلی حوسێن، پشتیوان سادق، هێمن هەورامی و جەعفەر ئیمینکی؛ شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاڵاو عەلی عەسکەری، خەسرەو گوڵ محەممەد، عیماد ئەحمەد، رزگار حاجی حەمە، میران محەممەد و ئه‌مین بابەشێخ پێکهاتبوو.
 
دوای کۆبوونەوەکە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "هاوڕان لە پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بۆ فەراهەمەکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە