رووداو دیجیتاڵ
دەزگای مین رایگەیاند، کۆمەڵێک لاپەڕە و هەژمار گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی سەرکێشیی بە مین و تەقەمەنی بڵاودەکەنەوە، سەرۆکی دەزگاکەش دەڵێت، سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەن.
دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "کۆمەڵێک لاپەڕە و هەژماری ناسراو و نەناسراو، گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی سەرکێشی بە مین و تەقەمەنی، هاوکات بەزاندنی سنووری کێڵگەکانی مین و تەقەمەنی کە ناوچەی قەدەخەکراون بڵاودەکەنەوە، سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەین."
ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی نیسانی 2025، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگاکە بە رووداوی گوت، ئەو کارە لە رووی یاساییەوە قەدەخەیە. "قسەمان لەگەڵ هەندێکیان کردووە؛ ڤیدۆیۆ و وێنەکانمان پێ سڕیونەتەوە."
بە گوتەی سەرۆکی دەزگاکە، ئێستا پڕۆسەکە لە قۆناخی سەرەتادایە؛ ئەو کەس و رێکخراوانە ئاگادار دەکەنەوە کە ئەو گرتە ڤیدیۆ و وێنانە بڵاودەکەنەوە؛ ئەگەر پابەند نەبن، سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەن.
جەبار مستەفا روونیکردەوە، "لە ڤیدیۆکاندا، ئەوە پیشان دەدرێت کە کەسێک بەچەقۆ دەستکاری مین دەکات. کەسێکی دیکە مینی بە دەستەوە گرتووە و قسەی لەسەر دەکات. هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لاپەڕە بە ناوی پاکسازیی مین هەیە و ئەوانە نایاسایین."
بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەولێر، کە وێنەیەکی بۆ رووداو نێردراوە، پار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مین لە پارێزگەی هەولێر، نزیکەی 15 هەزار مین و تەقەمەنی هەڵگرتووەتەوە، هاوکات نزیکەی یەک ملیۆن مەتر دووجا زەوی، لە مین پاککراوەتەوە.
دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "بەزاندنی سنووری کێڵگەکانی مین و تەقەمەنی کە ناوچەی قەدەخەکراوە، بە جۆرێک پیشان دەدەن، مەترسی مین لای هاونشتمانییان کەم دەکەنەوە و بووەتە هۆکاری روودانی کارەساتی مەرگباری گەورە و قوربانی لێکەوتووەتەوە."
جەبار مستەفا ئاماژەی بەوەدا، دەستکاریکردنی مین بەو شێوەیە، پێچەوانەی ستاندارد و رێنماییەکانی یەکەکانی هۆشیاری و سەلامەتیی دەزگای مینە، چونکە پیشاندانی مین بەو شێوەیە، وا لە خەڵک دەکات بەئاسانی دەستی بۆ ببەن و تووشی رووداوی نەخوازراو ببن.
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان هۆشداریی دەداتە گشت ئەو هەژمار، کەس و رێکخراوانەی کاری هاوشێوە دەکەن، رێکاری یاساییان لە دژ دەگرنەبەر و سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن
جەبار مستەفا گوتی: "کەسانێک سەردانی کێڵگەیەک دەکەن و چەند مەترێکی لێ پاک دەکەنەوە، دەڵێن تەواو شوێنەکە پاککرایەوە؛ ئەمەیش زۆر مەترسیدارە و کاری ئەوان نییە. هیچ کەس و رێکخراوێک ناتوانیت مەترێک پاک بکاتەوە بەبێ رەزامەندیی لایەنی پەیوەندیدار."
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگەی گشتیی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، ئەو کەسانەی لە دەرەوەی دەزگەکانی حکومەت واز لە کێڵگەکانی مین ناهێنێن، "سوودی دارایی لێ دەبینن؛ بۆیە پابەندی رێنوێنییەکان نابن."
رووداوەکانی مین لەماوەی سێ مانگ و 15 رۆژی رابردوو زۆر زیاتربوون لە پار.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەست رووداو کەوتووە، بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراو لە چیا و ناوچە کوێستیانییەکانی هەرێمی کوردستان، حەوت کەس بوونەتە قوربانی، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و سێی دیکەش بریندار بوون، کە هەموویان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن، بەڵام پار تەنیا یەک کەس بریندار بووە.
عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگەی کاروباری مینی هەولێر رۆژی سێشەممە، 15-4-2025 بە رووداوی گوت: "60٪ـی خاکی بە مین چێنراوی هەرێمی کوردستان پاککراوەتەوە و 40٪ـی ماوە پاک بکرێتەوە، ئەوەی ماوە نزیکەی 250 ملیۆن مەتر دووجا دەبێت، لەو رووبەرە 47٪ـی دەکەوێتە سنووری پارێزگەی هەولێر، لە دەڤەری سیدەکان و باڵەکایەتی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ