رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیارێک لە پارێزگای کرماشان رۆژانی پێنجشەممە لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، قوتابخانە و زانکۆکان دەکرێتە پشوو. پارێزگاری شارەکە هۆکارەکەی بۆ دەستگرتن بە کارەباوە دەگەڕێنێتەوە.
بڕیارەکە رۆژی شەممە 19-04-2025 لەلایەن ئەنجوومەنی پلاندانان و گەشەپێدانی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەنوچێهر حەبیبی، پارێزگار دەرچوو.
بەگوێرەی بڕیارەکە، لەکاتی دەرچوونییەوە، تاوەکو 21-09-2025 (نیوەی یەکەمی ساڵی هەتاوی)، سەرجەم دامەزراوە، زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن لە رۆژانی پێنجشەممەدا دادەخرێن.
مەنوچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان هۆکاری دەرچوونی بڕیارەکە بۆ ''کۆنترۆڵی بەکارهێنانی وزە، پاڵپشتی و پتەوکردنی چوارچێوەی خێزان'' دەگەڕێنێتەوە.
بەگوتەی مەنوچێهر حەبیبی، جیا لە بەشی فریاکەوتن، خزمەتگوزاری و بانکەکان، سەرجەم دامەزراوەکان لە رۆژانی پێنجشەممە، بە ئۆنلاین کارەکانیان بەڕێوەدەبەن.
ئێران لە هاوینی پارەوە تووشی کێشەی کورتهێنانی کارەبا بووەتەوە و حکومەتی ئەو وڵاتە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە، چەندین رێکاری وەکو بڕینی کارەبای ماڵان و کارگەکان، داخستنی قوتابخانە و فەرمانگە حکومییەکان گرتووەتەبەر، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە کێشەکە بنبڕ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ