ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە: چاکسازی هەیە، بەڵام خاوە

20-04-2024
پەیمان محەممەد
لیوا رووکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە سلێمانی قسەی بۆ رووداو کرد.
لیوا رووکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە سلێمانی قسەی بۆ رووداو کرد.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، ''چاکسازییەکانی وەزارەت ئەگەرچی خاو بەڕێوەدەچن، بەڵام بەردەوامییان هەیە". 
 
لیوا رووکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە سلێمانی قسەی بۆ رووداو کرد و رایگەیاند، ''لەگەڵ ئەمریکا یاداشتێکی رێککەوتنمان هەیە و کارە هاوبەشەکانمان بەردەوامن".
 
لیوا بەختیار محەممەد گوتی، بەرنامەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و ''ئەگەرچی ئاستەنگی لەپێشە و بە خاوی دەکرێت، بەڵام بەرەوپێشچوون لە پڕۆسەکەدا هەیە".
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، ''شەڕی داعش، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، مەسەلەی بودجە و ناکۆکیی سیاسیی نێوخۆیی، هۆکاری سەرەکیی خاوبوونەوەی پڕۆسەکەن".
 
بەگوتەی لیوا بەختیار، چەندین لیوای هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە ناوچە جێناکۆکەکان پێکهێندراون، ''بەڵام هێشتا بە تەواوی دەستبەکارنەبوون؛ هیوادارین ئەو لیوایانە زیاتر بکرێن و بگەیێندرێنە ئاستی فیرقە".
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، ساڵانە هاوکاریی دارایی ئەمریکا بۆ وەزارەت 25٪ کەم دەکات و گوتی، ''ئەم هاوکارییەش کە هەیە بۆ ئەوەیە وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان کەموکوڕییەکانی چەک پڕبکەنەوە و کەمبوونەوەی گوژمەکە بە مانای ئەوە نییە کە لە نێوان ئێمە و هاوپەیمانان هاوکاری نامێنێت".
 
لیوا بەختیار محەممەد ئاماژەی دا، ''لەوانەیە لە دوای کۆتاییهاتنی ئەم یاداشتەی نێوانمان، رێککەوتنێکی نوێ بێتە ئاراوە. گوێمان لێبووە کە لە ساڵی 2025دا هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە زیاد دەکەن".
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، ''چاوەڕوان دەکرێت ساڵی 2026ـیش هاوکارییەکان زیاتر لە ساڵی 2025 بن، بەڵام بێگومان لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا و بە رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵی''. 
 
ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
 
ئەو هاوکارییانە لە چوارچێوەی رەشنووسی بودجەی وەزارەتی بەرگریی ساڵی داهاتوودا جێگەیان دەکرێتەوە و رەوانەی کۆنگرێسی ئەو وڵاتە دەکرێن تاوەکو پەسندبکرێن و دواتر لە ساڵی نوێدا جێبەجێ دەکرێن و هاوکارییەکان خەرج دەکرێن.
 
بەپێی رەشنووسی بودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ ساڵی 2025، هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکانی دیکەی ئەمریکا، ئەگەر پەسند بکرێن، بەو شێوەیە دەبێت کە بۆ عێراق و سووریا پێکەوە داوای 528 ملیۆن و 699 هەزار و 557 دۆلار کراوە. لە کۆی ئەو بڕە پارەیەش، 380 ملیۆن و 758 هەزار و 349 دۆلار بۆ عێراق و 147 ملیۆن و 941 هەزار و 208 دۆلار بۆ سووریا داواکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە