رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە مانگی رەمەزان، نرخی گەشتی عومرە دابەزیوە.
ئەمڕۆ شەممە 20ـی نیسانی 2024، حاجی بورهان مەلازادە، سەرپەرشتیاری کۆمپانیای (ئەجیاد مەکە) بۆ گەشتی حەج و عومرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی گەشتی عومرە بە وشكانی 375 دۆلارە و بە ئاسمانی 650 دۆلار.
ئەو نرخە لە کاتێکدایە، لە مانگی رەمەزاندا کە 09ـی ئەم مانگە دوایین رۆژی بوو، نرخی گەشتی عومرە بە رێگەی ئاسمانی گەیشتە هەزار و 300 دۆلار و بە وشکانیش لەنێوان 650 بۆ 750 دۆلاردا بوو.
حاجی بورهان ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکەیان سبەی گەشتی عومرەی هەیە، بەڵام بەهۆی راوەستانی ڤیزەوە لەلایەن سعودیەوە، تاوەکو زیاتر لە دوو مانگی دیکە لەبەر فەریزەی حەج گەشتی عومرە ئەنجام نادرێت.
ئاماری ئەو کەسانەی ساڵانە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ عومرە دەچنە سعودیە بەردەست نییە، بەڵام تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە 56 هەزار کەس ناویان بۆ چوونە حەج تۆمار کردبوو؛ لەو ژمارەیە چوار هەزار و 174 کەس ناویان دەرچوو.
تێچووی حەج گرانترە لە عومرە. حەجی ئەمساڵ بە رێگەی ئاسمانی بە 6 ملیۆن و 350 هەزار دینار و بە رێگەی وشکانیش 5 ملیۆن و 300 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ