لە لوڕستان دەست بەسەر 200 لیرەی زێڕی ساختەدا گیرا

20-04-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە شاری ئەلیگودەرزی سەر بە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست بەسەر 200 لیرەی زێڕی ساختەدا گیرا، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە دەڵێت، پەیوەست بە دۆسیەکە کەسێک دەستگیرکراوە.
 
عەمید عەلی ئەسەدوڵڵاهی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری ئەلیگودەرزی سەر بە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، چەند لیرەی (سکە) زێڕی ساختەی فرۆشتووە کە بەهۆیەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە.
 
عەلی ئەسەدوڵڵاهی گوتی، دوای بەدواداچوونی تیمەکانی پۆلیس، توانرا کەسی فرۆشیار دەستگیر بکرێت و دانی بە فرۆشتنی چەند لیرەی زێڕی ساختەدا نا. 
 
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبار، دەستیان بەسەر 200 لیرەی زێری ساختەدا گرتووە و لێکۆڵینەوەی تیمەکانیان لەسەر دۆسیەکە بەردەوامە.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەلیگودەرز هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان، داشکاندنی بەرچاوی نرخی زێڕ و لیرە لەلایەن کەسانێکەوە، گوماناوییە و دارایی کڕیاران دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە باشترە خۆیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانە ببوێرن.
 
ئەلیگودەرز دەکەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە 135 کیلۆمەتر لە شاری خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگاکەوە دوورە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە