کۆمپانیای نەوتی باکوور داوای چۆڵکردنی سێ گوندی کوردنشین دەکات

20-04-2019
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
رێبوار تەها: ئەو داوایە سیاسییە و تەنیا کوردی کردووەتە ئامانج
رێبوار تەها: ئەو داوایە سیاسییە و تەنیا کوردی کردووەتە ئامانج
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-

رووداو - کەرکووک

ئەمڕۆ خەڵکی گوندەکانی هەنجیرە، باجوان و چوپلیجەن لە کەرکووک دژی هەوڵ رووخاندنی خانووەکانیان گردبوونەوە. 

چەند رۆژێک لەمەوبەر پۆلیس خەڵکی ئەو سێ گوندەی ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێ لەماوەی 20 رۆژدا خانووەکانیان چۆڵبکەن، چونکە بەگوتەی کۆمپانیاکە نزیکن لە دامەزراوە نەوتییەکان.

دانیشتووانی ئەو گوندانە دەڵێن، ئەو زەوییە 200 مەتریانەی کە پێیاندراوە لە قەرەبووی فەوتانی سەتان دۆنم زەویان بووە لە گوندەکانیان. بەڵام ئێستا جارێکی دیکە لەژێر گوشاری کۆمپانیای نەوتی باکووردا داوای رووخاندنی خانووەکانیان لێدەکرێت.

دانیشتوویەکی گوندی باجوان دەڵێت "ئاگاداریان کردوونەتەوە بۆ رۆژی 5ی مانگی داهاتوو خانووەکان چۆڵبکەن. لە کۆمپانیاوە لیژنەیەک دێت لەگەڵ مافی مرۆڤ بۆ ئەوەی خانووەکان ببینن و دەربچن".

سەرەتای کێشەی ئەو سێ گوندە لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە دەستیپێکردووە. نوێنەرانی کەرکووک لە پەرلەمان کێشەکە دەگەیەننە وەزارەتی نەوت و داوا لەخەڵکیش دەکەن گوندەکانیان چۆڵنەکەن.

رێبوار تەها، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ناکرێ کێشەکان لەڕێگەی دادگاوە بە سیاسی بکرێن، ئەو بابەتێکە تەواو سیاسییە یەک پێکهاتەی کردووەتە ئامانج کە کوردە.

کۆمپانیای نەوتی باکوور دەستی بەسەر زیاتر لە %15ـی خاکی پارێزگای کەرکووک گرتووە و کردوونی بە دامەزراوەی نەوتی. جگە لەوەش بەپێی یاسای کارکردنی کۆمپانیاکە، نابێ شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک نزیک بن لە دامەزراوەکان و لە زووەوە ئەو سێ گوندە و دەیان گوندی دیکەی کوردنشین بەو بیانووە رووخێنران و خەڵکەکەی دەربەدەر کراون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە