رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی ئاکرێ دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەک بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز کراوە؛ گوتیشی، ''رێکاری تووند بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە لە کاتی ئاهەنگەکەدا تەقە دەکەن.''
رۆژی پێنجشەممە 20-03-2025، دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی ئاکرێ لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخزر پێشکێشیکرد، لەبارەی ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز لە قەزاکە رایگەیاند، ''هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و بەڕێوەبردنی ئاهەنگەکە کردووە.''
بڕیارە ئاهەنگەکە ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت. دلاوەر بۆزۆ گوتی، ''زیاتر لە 2500 تاوەکو 2800 مەشخەڵمان ئامادە کردووە و ساڵانە ژمارەی مەشخەڵەکان زیاد دەکات''.
هەشت گرووپی خۆبەخش کە ژمارەیان هەزار کەسە، لە ئاکرێ ئامادەکاری بۆ نەورۆز دەکەن و پێکەوە مەشخەڵی ئاگر دروست دەکەن؛ بەگوتەی قایمقامی ئاکرێ کاژێر 19:00 مەشخەڵەکان دادەگیرسێنن و بەرەو چیای کەلێ ئاکرێ بەڕێ دەکەون.
ئاکرێ بە "پایتەختی نەورۆز" ناسراوە و ساڵانە بە ئاهەنگەکانی سەرنجی خەڵک رادەکێشێت. دلاوەر بۆزۆ پێشبینی دەکات ئەم ساڵ زیاتر لە 70 هەزار گەشتیار لە ئاهەنگەکەدا بەشداربن.
ئەم ساڵ ئاهەنگەکە هاوکاتە لەگەڵ 20ـی مانگی رەمەزان. قایمقامی ئاکرێ گوتی: ''شوێنێکی تایبەتمان لە سەری گرێ بۆ کۆنسووڵ و میوانانی بیانی بۆ بەربانگ ئامادە کردووە.''
وەک دلاوەر بۆزۆ گوتی، هێزە ئەمنییەکان، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تەندروستی لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ ئەوەی لەکاتی ئاهەنگەکەدا رێگری لە هەر رووداوێکی نەخوازراو بکرێت.
قایمقامی قەزاکە گوتیشی، ''تەقەکردن لە کاتی ئاهەنگەکەدا بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە، رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە تەقە دەکەن.''
وەک دلاوەر بۆزۆ دەڵێت، هاتووچۆ بۆ چیای کەلێ ئاکرێ بە دوو ئاراستەی جیاوازدا دەکرێت، ''واتا رێگەیەک بەرەو چیاکە دەڕوات و رێگەیەکی دیکە بۆ دابەزین بەکاردەهێنرێت.''
بە گوێرەی زانیارییەکانی نایف رەمەزان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی هەر چوار پارچەی کوردستان و گەشتیارانی بیانی بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی نەورۆز گەیشتوونەتە قەزای ئاکرێ.
پار، رێوڕەسمەکە دوای بەربانگ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی حیزبی، حکومی و کۆنسووڵی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و کاژێر 08:30 کۆتاییهات و بڕیارە ئەم ساڵیش بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت یادی نەورۆز لە ئاکرێ بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ