ئامۆزایەکی کوژراوانی سەیدسادق: بکوژ لەژێر کاریگەریی حیزبە ئیسلامییە تووندڕۆکاندا بووە

دوێنێ کاژێر 03:14
پەیمان محەممەد
وێنەی ئامۆزای قوربانییەکان و کەسوکارەکەیان
وێنەی ئامۆزای قوربانییەکان و کەسوکارەکەیان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یەکێک لە ئامۆزاکانی ئەو خێزانەی دوێنێ شەو لە گوندێکی سەیدسادق کوژران دەڵێت، بکوژ هیچ نەخۆشییەکی دەروونی نەبووە، بەڵکو لەژێر کاریگەریی ''حیزبە ئیسلامییە تووندڕۆکان''ـدا بووە. کەسوکارێکیشیان دەڵێت، ئەو چەکەی تەقەی پێکراوە، هی سەرۆکی خێزانەکە بووە، کە ئەویش کوژراوە.

کاژێر 11:10ی شەوی چوارشەممە 19-03-2025 لە گوندی گرێزەی قەزای سەیدسادقی پارێزگای سلێمانی، پێنج ئەندامی خێزانێک لەلایەن کوڕێکی خێزانەکە کۆمەڵکوژکران، دواتر بکوژەکە خۆی کوشت.
 
سەردار سابیر حاجی حوسێن، ئامۆزای سەرۆکی ئەو خێزانەیە رایگەیاند، ''کاک سالار سەرۆک خێزانەکە بریندار بوو و من خۆم بردم بۆ نەخۆشخانە، تاوەکو عەربەتیش هەر مابوو، بەڵام لەوێ تەواو بوو.''
 
بە گوێرەی زانیارییەکان بکوژ نزیکەی 10 ساڵە لە بەریتانیا دەژیت و دوو رۆژە هاتووەتەوە کوردستان؛ سەردار سابیر گوتی: ''سەر بە حیزبە ئیسلامییە تووندڕۆکانە، هەموومان ئامۆژگاریمان دەکرد، بەڵام پێی ناخۆش بوو.''
 
پێشتر باس لەوە دەکرا کە بکوژ لە ژێر کاریگەریی نەخۆشییە دەروونی دەستی بۆ کوشتنی ئەندامانی خێزانەکەی بردووە، بەڵام ئەو ئامۆزایەی قوربانییەکان رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، ''بکوژ لەڕووی تەندروستییەوە هیچ گرفتێکی نەبووە، بەڵام هەر بێدەنگ بوو، قسەمان لەگەڵدا دەکرد زۆر وڕ بوو.''
 
بکوژەکە ناوی بەشیر سالارە و دەگوترێت ریشێکی زۆری داناوە، سەردار سابیر ''بەشیر کە لێرە وا نەبوو، بەڵام دوای رۆیشتنی بۆ دەرەوەی وڵات بەو شێوەیە تووندڕۆ بووە.''
 
''ئەو چەکەی تەقەی پێ کراوە هی سەرۆکی خێزانەکەیە''
 
هەر شەش کەسەکە بە چەکێکی کڵاشینکۆف کوژراون. تەرمەکانیش لە یەک گوللـە تاوەکو زیاتر لە سێ گوللەیان بەرکەوتووە. 
 
محەممەد گرێزەیی، کەسوکاری کوژراوان و دانیشتووی گوندەکە لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بە سەنگەر عەبدولڕەحمانی گوت، ''ئەو چەکەی تەقەی پێکراوە، چەکی کاک سالار، سەرۆکی خێزانەکە بوو.''
 
بە گوتەی محەممەد گرێزەیی، سالار محەممەد کە یەکێک لە کوژراوانە، کەسێکی نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی بووە ''کاتی شەڕی داعش بەو چەکە بەرگریی لە خاکی کوردستان و هانیشتمانییان کردووە.''
 
ئەو کەسوکارەی کوژراوان گوتیشی: "کاک سالار پیاوێکی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەر بووە کە لە شۆڕشی ئەیلوولدا لە ساڵی 1964ـوە بووەتە پێشمەرگە."
 
رووداوەکە چۆن بووە؟
 
سالار محەممەد سەرۆکی ئەو خێزانەی کۆمەڵکوژ کران، نەشتەرگەری دڵی بۆ کراوە و سێ رۆژە لە نەخۆشخانە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵ، بکوژ کە کوڕی سالار بۆ سەردانیکردنی باوکی گەڕاوەتەوە کوردستان.
 
بە گوتەی محەممە گرێزەیی، ''بەشیر سالار چەند ساڵێکە پێچەوانەی خێزانەکەی، کەوتبووە ژێر کاریگەریی کۆمەڵێک خەڵکی جیهادیی تووندڕۆ. تەنانەت بەر لەوەی بچێتە دەرەوەش هەڵگری ئەو بیروباوەڕە بووە، بەڵام لەوێ زیاتر کاریگەرییان لەسەر داناوە.''
 
ئەو کەسوکارەی قوربانیان دەڵێت، ''باوکی بکوژ موڵکی بۆ فرۆشت ناردی بۆ دەرەوە بۆ ئەوەی لێرە تووشی شتێک نەبێت، واتا باوکی پێی ناخۆش بوو کە بڵێن ئەو کوڕە لەو خێزانەیە و بەو شێوەیە بیر دەکاتەوە.''
 
وەک محەممەد گرێزەیی گوتی، رووداوەکە لەسەر ریشی بەشیر روویداوە، ''ئەو کوڕە کە هاتووەتەوە، بە پیرییەوە چوون، بەخێرهاتنی گەرمیان کردووە و رێزیان لێگرتووە، بەڵام باوکەکە پێیگوتووە ئەم ریشە زۆرە چییە، ئێمە ئیسلامین، باوک و باپیرانمان ئیسلام بوون، بەڵام ئەو ریشە چییە داتناوە؟''
 
محەممەد گرێزەیی ئاماژەی بەوەشکرد، ''ئەوەی کە بزانم باوکی زۆری گلەیی لە بەشیر [بکوژ] هەبوو، چەند جارێک ئەم گلەییانەی لێکردووە و گوتوویەتی من ناڵێم تۆ ئیسلامت قبووڵ نەبێت، باوکی من پێشمەرگە بووە لەو شاخە، رۆژێک نوێژ یان رۆژووی نەفەوتاوە، من دژی ئیسلام نیم، بەڵام دژی ئەم کارانەی تۆم کە بەو شێوەیە دەیکەیت.''
 
باسی لەوەش کرد، سالار محەممەد بە قسەی خۆش بە بکوژی گوتووە بەهۆی ئەو نەشتەرگەرییەی بۆی کراوە، میوانێکی زۆریان دێت، بۆیە پێویستە ریشی کورت بکاتەوە، دوای ئەوەی ژمارەیەک میوان لە ماڵیان دەردەکەون بە چەک تەقەی لە هەموو ئەندامانی خێزانەکەی کردووە، کە لەو کاتەدا لە ماڵەوە بوون.
 
بە گوێرەی بەدوادچوونی رووداو، لەنێو ئەو ماڵەی رووداوەکەی تێدا روویداوە کامێرای چاودێری هەبووە، ئەو رێگەیەی دەگاتە ماڵەکە کامێرای تێدایە. بە گشتی هێزە ئەمنییەکان هاردی نزیکەی 15 کامێرایان بردووە و لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەن.
 
هێزە ئەمنییەکان پشتیان بە شایەتحاڵان بەستووە لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، "پۆلیس لەگەڵ چەندین کەس و هاوسێی کوژراوەکان قسەیکردووە و هەموویان جەختیان کردووەتەوە، کە ئەو ماڵە هیچ کێشەیەکی موڵک و ماڵ و پارەیان نەبووە".
 
ئەوەی لەکامێرای چاودێرییەوە بۆ هێزە ئەمنییەکان پشتڕاستبووەتەوە، "جگە لە کوڕی ماڵەکە هیچ تۆمەتبارێکی دیکە لە دەرەوەی ماڵەکە نییە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە ئامەد: هەرچی بە ئێمە بکرێت بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەیکەین

لە ئامەدی باکووری کوردستان دەیان هەزار هاونیشتمانی بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆز کردووە. لە ئاهەنگەکەدا پەیامی نێچیرڤان بارزانی خوێندرایەوە کە رایگەیاندووە، "هەرچی بە ئێمە بکرێت بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەیکەین."