رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوو دەروازەی سنووری دیکە لەگەڵ باکووری کوردستان دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ی شوباتی 2025، رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، "سێ دەروازەی سنووری لە پارێزگاکە لەگەڵ تورکیا هەن، بەمزووانەش دوو دەروازەی سنووری دیکە لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکرێنەوە".
پارێزگاری ورمێ: "ئامانجمانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا بگەیێنینە 30 ملیار دۆلار، بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوە و گفتوگۆی گرنگ لە نێوان هەردوولا کراوە و ئەم گفتوگۆیانە زۆر گرنگن بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کێشەکانی وەک پرسی سووتەمەنی".
رەزا رەحمانی ئاماژەی بەوەشکرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەنگاوانەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵات بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووری کوزە رەش و ساری سو گیراونەتەبەر، گەیشتنە رێککەوتن کە بۆ بازرگانی نێوان خەڵکی دوو وڵات بە سوودە و پێشبینیش دەکرێت تورکیا هەنگاوی پێویست بنێت.
بەگشتی پارێزگای ورمێ 6 دەروازەی سنووری هەن کە سێیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەی سەنەم بۆلاغی پولدەشت، لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەریی نەخجوانی سەر بە ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین - حاجی ئۆمەران و دەروازەی سنووریی کێلێ لەگەڵ هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ