رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەڵێت، ''دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار قەرزی بەسەردا سەپاندووین''؛ دڵنیاییش دەداتە بەشداربووان لە هەرێمی کوردستان، کە خزمەتگوزارییەکانی کۆڕەک بەبێ گرفت بەردەوام دەبن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-02-2025، مازن سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد، لەبارەی گرفتی راگیرانی ئینتەرنێتی کۆڕەک رایگەیاند، ''کێشەی کۆڕەک کێشەیەکی کۆنە و لە ساڵی 2007ـوە دەستیپێکردووە.''
مازن سیروان بارزانی گوتی، ساڵی 2007 دەبووایە کۆڕەک بڕواتە شوێنی کۆمپانیای ''عێراقونا'' کە سێ ملیۆن بەشداربووی هەبوو و کۆدی 079 وەربگرێت، ''بەڵام بەداخەوە ئەو کات بە نایاسایی بەشداربووەکان دران بە کۆمپانیای زین. ئەمەش بووە بابەتی کێشەکانی نێوان کۆڕەک و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق کە تاوەکو 2015 بەردەوام بوو.
بەگوتەی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆڕەک تیلیکۆم، بەردەوام کێشەکەیان بردووەتە دادگە، ساڵی 2015 بڕیارێک لە دادگە دەرچوو کە ئەو پارەیەی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لەسەر کۆڕەک ماوەتەوە، تاوەکو ئەوکاتەی کۆدی 079ـی بەشداربووەکانی نەگەڕێندرێتەوە، نایدات، "بەڵام دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق پابەندی بڕیارەکە نابێت.''
رۆژی سێشەممە 18ـی شوبات، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بڕیاری سزادانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی راگەیاند، کە بریتییە لە راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت "بەهۆی پابەندنەبوونی بە پێدانی قەرزە کەڵەکەبووەکانی و بەردەوامبوونی لە سەرپێچیکردن، هەروەها بۆ هاندانی بۆ دانەوەی قەرزەکانی."
وەک مازن سیروان بارزانی باسیکرد، بڕی پارەکە 375 ملیۆن دۆلارە و 290 ملیۆن دۆلاریش پێبژاردن خراوەتە سەری، ''تاوەکو ئیستا 9 نووسراو لە دادگەوە نێردراوەتە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بۆ ئەوەی بڕیاری راگرتنی دانەوەی قەرزەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.''
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆڕەک تیلیکۆم لەبارەی ئەو قەرزەی لەسەر کۆمپانیاکەیە دەڵێت، ''ئێستا بەگشتی ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار قەرز، بابەتی مۆڵەت، باج، پێبژاردن و خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی 4G بەسەرماندا سەپێندراوە. ئەوەشمان گوتووە کە ئێمە واژۆی دەکەین بە چەند ساڵێک بە قیست بیدەینەوە، بەڵام بۆ ئەو 665 ملیۆن دۆلارە دەچینەوە دادگە، چونکە ئێمە بە مافی یاسایی خۆمانی دەزانین ئەو بڕە پارەیە نەدەین.''
دەستەکە نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی گەیاندن کردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی قەرەبووکردنەوەی بەشداربووان لەلایەن کۆمپانیای کۆڕەکەوە بەگوێرەی خاڵەکانی گرێبەست مۆڵەتی کۆتاییهاتووە، ئەمەش بۆ دڵنیابوون لە زیاننەگەیاندن بە مافەکانی بەکاربەران.
مازن سیروان بارزانی گوتی: ''بێگومان کێشەکە سیاسییە، من دڵنیام ئەگەر ئەو پارەیەش بدەین، کێشەی دیکە دروست دەکەن.''
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە سەرانسەری عێراق 7 ملیۆن بەشداربووی هەیە. بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیاکە گوتی، ''بەردەوام شاندمان چووەتە بەغدا و لەژێر چاودێریی لیژنەی گەیاندن و گواستنەوەی پەرلەمان لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان قسەمان کردووە.''
بەگوتەی مازن سیروان بارزانی، دوایین کۆبوونەوەیان 13ـی شوبات بووە لە بەغدا و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان هەفتەیەکیان مۆڵەت داوەتە کۆمپانیاکە، بۆ ئەوەی پلانی خۆیان بۆ چۆنیەتیی دانەوەی بڕە پارەکە پێشکێش بکەن، ''کەچی بەر لەوەی مۆڵەتەکە تەواو بێت، شەوی سێشەممە ئینتەرنێتیان لەسەر کۆڕەک راگرت.''
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیاکە لەبارەی داهاتووی کێشەکەیان دەڵێت: ''پێموایە هەر گوشارمان دەخەنە سەر، بەڵام ئێمە کۆڵ نادەین، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی خزمەتی بەشداربووانمان بکەین''.
بە گوتەی مازن سیروان بارزانی، جگە لە کۆڕەک تیلیکۆم، کۆمپانیاکانی دیکەیش قەرزدارن و قەرزەکەیان نەداوەتەوە، ''بەڵام هیچ یەک لەو گوشارانەیان ناخرێتە سەر.''
دوای بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، لە بەرەبەیانیی چوارشەممەوە ئینتەرنێتی کۆڕەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان راگیرا. مازن سیروان بارزانی گوتی: ''ئێستا ئینتەرنێت لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان راگیراوە، بەڵام لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان کێشەکە چارەسەر کراوە.''
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیاکە دڵنیایی دەداتە هەموو بەشداربووانی کۆڕەک تیلیکۆم لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کە ''خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکانی کۆڕەک بەردەوام دەبن و هیچ گرفتێکیان بۆ دروست نابێت.''
دوێنێ چوارشەممە، جادر عەبدولوەهاب، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندنی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بڕیاری راگرتنی ئینتەرنێتی هێڵی کۆڕەک تیلیکۆم سەرجەم عێراق دەگرێتەوە.
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ساڵی 2000 لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە و ساڵی 2007، بووە یەکێک لەو سێ کۆمپانیایەی مۆبایل کە مۆڵەتی کارکردنی لە سەرانسەری عێراق پێدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ