وەزارەتی ناوخۆ: زەویی کشتوکاڵی بۆ فراوانکردنی گوند بەکارنەبرێت

20-02-2024
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند رێنماییەکی لەبارەی گواستنەوە و فراوانکردنی گوندەکان دەرکرد و رایگەیاند، گواستنەوە یان فراوانکردنی هەر گوندێک، دەبێت لەسەر داوای دوو لەسەر سێی دانیشتووانەکەی بێت.
 
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێنمایی ژمارە دووی ساڵی 2024ـی تایبەت بە گواستنەوە یان فراوانکردنی گوند دەرکرد، کە بە نووسراوی ژمارە 5501 لە 19-02-2024، پێناسە و رێنماییەکانی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات "گواستنەوە یان فراوانکردنی هەر گوندێک، دەبێت لەسەر داوای دوو لەسەر سێی دانیشتووانەکەی بێت و ئەو زەوییەشی بۆی تەرخان دەکرێت، دەبێ بەردەڵان بێت."
 
لە مادەی دووەمی مەرج و رێکارەکانی فراوانکردن و گواستنەوەی گوندەکاندا هاتووە:
 
1- شوێنی پێویست نەمابێت بۆ نیشتەجێبوون لەنێو حەرەمی گوند.
2- فراوانکردن و گواستنەوە لەسەر داوای دوو لەسەر سێی دانیشتووانی خەڵکی رەسەنی گوندەکە دەبێت کە نیشتەجێن تێیدا.
3- زەویی پێویست بەردەست بێت کە لەگەڵ حەرەمی گوندەکە هاوسنوور بێت بۆ فراوانکردنی حەرەمی گوند، بە مەرجێک گونجاوبێت لە رووی تۆپۆگرافی بۆ نیشتەجێبوون.
4- پێویستە زەویی پێشنیازکراو بۆ فراوانکردن لە جۆری بەردەڵان بێت، لەکاتی نەبوونیدا دەکرێت سوود لە زەویی کشتوکاڵی وەربگیرێت.
 
لە مادەی سێیەمی مەرج و رێنماییەکاندا هاتووە "فراوانکردن و گواستنەوە، ئەو گوندانە ناگرێتەوە کە دەکەونە نێو ماستەرپلانی شار و یەکە کارگێڕییەکان و قەدەخەکراوەکانیان (محرمات)."
 
 
بۆ خوێندنەوەی دەقی نووسراوەکە، کلیک بکە:
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە