رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاریی دۆخی ناوچەکە، یەکڕیزی و رێککەوتنی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان باشترین بژارەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە 20-01-2025 سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەوەی کە دەبێتە مایەی سەرکەوتنمان، هەوڵی یەکڕیزیی کوردە."
گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کرد و گوتی، "ئەو کۆبوونەوانەی دەکرێن، جێگەی دڵخۆشین بۆ هەموو کەسێک."
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەی خستەڕوو، "ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاریی دۆخی ناوچەکە و پشتگیریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئێمە، پێویستە هەموومان بنمیچی داخوازییەکانمان لەگەڵ دۆخەکە بگونجێنین و بەرەو رێککەوتن بچین."
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە 20-10-2024 کرا، شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی وەک لایەنی یەکەم و دووەمی براوەی هەڵبژاردنەکە، چەندین کۆبوونەوەیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، "رێککەوتن تەنیا رێگەیە بۆئەوەی سوود لەم دۆخە رەخساوە نێودەوڵەتییە وەربگرین، بە پێچەوانەکەی، بە دەستی خۆمان، خۆمان تووشی کێشە دەکەین."
سەعدی ئەحمەد پیرە باس لەوە دەکات، ئەگەر لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت رێکنەکەون، ئەوە پاڵپشتیی نێوەدەوڵەتی و هاوکاریی وڵاتان لەدەستدەدەن، "چونکە ئەوان نوێنەری وڵاتی خۆیانن و نوێنەری کورد خودی کوردە. ئەوان لە ئێمە کوردتر نین."
لەبارەی ناکۆکی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی یەکێتی باسی لەوە کرد، "کێشەمان هەیە، بەڵام کێشەکان ئەوەندە گەورە نین کە هەرێمێکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییە یەکگرتووەکان نەتوانن دەرەقەتی بێن. چەندی یەکڕیز بین، بەهێزتر دەبین و پێچەوانەکەیشی لاوازترمان دەکات."
سەعدی ئەحمەد پیرە جەختی لەوە کردەوە، یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی دەیەمی هەرێمی کوردستان ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێکی سیاسی نییە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو؛ دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و جووڵانەوەی نەوەی نوێ 15 کورسییان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ