prev
next
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە کۆبوونەوەی 16ـی ئەم مانگەی نێوان سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی دەکات؛ دیالۆگی کوردی-کوردیش بە گرنگ دەزانێت.
رۆژی دووشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە رایگەیاند، "پێشوازی لە کۆبوونەوەی رۆژی 16ـی کانوونی دووەمی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەین".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لە گرنگیی دیالۆگی کوردی-کوردی کردووە و دەڵێت "دەکرێت دیالۆگی کوردی-کوردی رۆڵێکی کارا لە بەهێزکردنی راگوزەرێکی سیاسیی گشتگیر لە سووریادا بگێڕێت."
16ی کانوونی دووەمی 2025 سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد.
بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی "لەو دیدارەدا، دۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا، هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا، تاوتوێ کرا."
رۆژێک دوای کۆبوونەوەکە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەبارەی کۆبوونەوەکە لە پۆستێکی ئێکس دا نووسی "کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی جێگەی دڵخۆشی بوو."
مەزڵووم عەبدی گوتیشی "باسی ئەو گۆڕانکارییانەمان کرد کە سووریا پێیاندا تێدەپەڕێت و پێکەوە جەختمان لەوە کردەوە؛ پێویستە هەڵوێستی کورد لە سووریا یەک بێت و دەبێت ئەو دیالۆگەی لەگەڵ شام دەکرێت، بەشێوەیەکی ئاشتییانە مافی گەلی کورد بپارێزێت؛ هەروەها جەختمان لەوە کردەوە کە گرنگیی یەکێتیی کورد و ئارامیی ناوچەکە بەگشتی بەرپرسیارێتیی هەموومانە و پێکەوە هاوکار دەبین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ