رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر دەڵێت، بایکۆتکردنی هاوردە و بەکارهێنانی کاڵای ئێرانی بڕیارێکی جێبەجێکاری نییە، ''بەڵام داوا لە سەرجەم بازرگانان دەکەین، لەوبارەوە هەڵوێستێکی نیشتمانییان هەبێت.''
رۆژی شەممە 20-01-2024، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 09:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد، لەبارەی داوای ژوورەکەوە بۆ بایکۆتکردنی هاوردە و بەکارهێنانی کاڵای ئێرانی رایگەیاند، ''سەرەڕای داواکەمان بۆ بایکۆتکردن، ئێمە رێگری لە هیچ بازرگانێک ناکەین بۆ هاوردەکردنی کاڵا و شتومەکی ئێرانی.''
گەیلان حاجی سەعید گوتی، دوای داواکارییەکەی ژووری بازرگانیی هەولێر بۆ بایکۆتی هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی، چاوەڕێی وەڵام و هەڵوێستی بازرگانان و ژوورە بازرگانییەکانی ئێرانیش دەکەن؛ دەشڵێت، ''دەبێ بازرگانانی ئێران و ژوورە بازرگانییەکانیان بەرامبەر شەهیدبوونی پێشڕەو دزەیی هەڵوێستیان هەبێت، چونکە بازرگان هەر بازرگانە، چی لە وڵاتی ئێران بێت و چی لە هەرێمی کوردستان.''
دوێنێ شەو، ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى هەولێر وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر هەولێر کە کوژرانی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەدار و بازرگانی ناسراوی کورد، کچە 11 مانگانەکەی و دوو کەسی دیکەی لێکەوتەوە و 16 کەسیش بریندار بوون، لە راگەیێندراوێکدا داوای لە سەرجەم بازرگانان و هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان کرد، بایکۆتی هاوردەکردن و بەکارهێنانی کاڵای ئێرانی بکەن و ئاماژەی بەوەکرد، بازرگانان لە تورکیا، ئوردن و سعودیەوە، وەکو جێگرەوەی ئێران کاڵا هاوردە بکەن.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێمە داوا لە هەموو بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەکەین، هەڵوێستێکی نیشتمانییان هەبێت و وەکو وەفایەک بۆ گیانی پێشڕەو دزەیی، پابەندی داواکاریی بایکۆتکردنەکە بن.''
قسەکانی گەیلان حاجی سەعید لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە بە شێوەی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دەروازە سنوورییەکەوە گوتی، ''بە دەیان بارهەڵگر لە نۆرەدان بۆ ئەوەی وەکو رۆژانی رابردوو لە ئێرانەوە کاڵا هاوردە بکەن و بیگەیێننە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.''
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەگشتی 633 بارهەڵگر مۆڵەتی هاوردەکردنی کاڵا و هاتووچۆیان لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە هەیە کە رۆژانە 350 بۆ 400 بارهەڵگر لە دەروازە سنوورییەکەوە هاتووچۆ دەکەن و 96٪ـی قەبارەی ئاڵوگۆڕی کاڵاکان بە شێوەی هاوردە و 4٪ـیش بە شێوەی هەناردەیە.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر گوتی، ''داوامان لە ژووری بازرگانیی دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجەش کردووە کە هاوشێوەی ئێمە هەڵوێستیان بەرامبەر هێرشەکەی سوپای پاسداران هەبێت و بایکۆتی هاوردە و بەکارهێنانی کاڵای ئێرانی بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی روونیان نەبووە".
وەک پەیامنێری رووداو گوتی، بازرگانان و کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی کەلوپەلی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان داواکارییەکەی ژووری بازرگانیی هەولێر بە داواکارییەکی قورس دەزانن، ''چونکە هەندێک لە کۆمپانیاکان گرێبەستی یەک ساڵەیان لەگەڵ کارگەکانی ئێران هەیە و بەپێی گرێبەستەکەش پارەیان داوە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە رەنگە لە بواری یاساییەوە کاتێکی زۆر بخایێنێت و تێیدا پارەی بازرگانەکانیش بفەوتێت.''
گەیلان حاجی سەعید گوتی، ''بێگومان هەندێک لە بازرگانان لەو بایکۆتەدا تووشی زیان دەبن، بەڵام ئەمە هەڵوێستێکی نیشتمانییە و دەبێ بگیرێتەبەر. خوێنی شەهیدەکانمان و شکۆی وڵاتمان زۆر لەوە زیاترە کە ئێمە چەند رۆژێک لە بازرگانیکردن بوەستین".
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر گوتی، ''بڕیاری ئێمە جێبەجێکاری نییە و تەنیا دەمانەوێت وەڵامێک بێت بۆ بازرگانانی ئێرانی کە راستە ئەمە [هێرشی سوپای پاسداران] بەسەر ئێمە هاتووە، بەڵام ئەگەر هەڵوێستتان بەرامبەر ئەو کارانەی کە دەکرێن نەبێت، زەرەرەکەی یەکلایەنە نییە و [ئێوەش دەگرێتەوە] دوو لایەنەیە.''
گەیلان حاجی سەعید پێشبینی دەکات چەند رۆژی داهاتوودا داوایان بۆ بایکۆتی هاوردە و بەکارهێنانی کاڵای ئیرانی لە رووی بازرگانیی دەروازە سنوورییەکان و لە نێو شارەکانی هەرێمی کوردستانیش رەنگدانەوەی باشی هەبێت و گوتیشی، ''داوامان لە یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و ژوورە بازرگانییەکانی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کردووە کە لەوبارەوە هەڵوێستی هاوشێوەیان هەبێت و سەرکۆنەی هێرشەکە بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وڵامێکی ئەرێنیمان وەرنەگرتووەتەوە".
بەپێی زانیارییەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ساڵانە حەوت بۆ هەشت ملیار دۆلار کاڵا لە ئێرانەوە هاوردەی عێراق دەکرێت کە نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوەیە بەڵام دواتر 70٪ـی کاڵا هاوردەکان دەگوازرێنەوە بۆ شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ