رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ورمێ دەڵێت، "دواکەوتنێکی مێژوویی لە کەرتی پەروەردەی پارێزگاکەدا دەبینرێت." گوتیشی، گرفتی سەرەکیی پەروەردە، کەمبوونی ژووری خوێندنە کە ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار ژووری نوێمان پێویستە.
محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی دۆخی پەروەردەی پارێزگاکەی کرد و رایگەیاند، ''ئێستا دواکەوتنێکی مێژوویی لە کەرتی پەروەردەی پارێزگادا دەبینرێت و گرفتی سەرەکیمان لەوبارەوە، کەمیی ژوورەکانی خوێندنە.''
محەممەد سادق موعتەمدیان گوتی، بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەروەردەی پارێزگاکە، پێویستمان بە پێنج هەزار ژووری خوێندنی دیکەیە. گوتیشی، ''ئێستا کار لەسەر دوو هەزار ژووری خوێندن دەکرێت، بەڵام ئەو ژمارەیە وەڵامدەری پێویستیی کەرتی پەروەردەی پارێزگاکە نییە، دەبێت لەگەڵ تەواوکردنی پڕۆژە نیوەکارەکان، دەست بە پڕۆژەی نوێ بکرێت.''
ئەو پارێزگارە ئاماژەی بەوە کرد، ورمێ لە بواری پەروەردەوە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە لە ئاستێکی خراپدایە، بۆیە رێکاری پێویست بۆ پێشڤەچوونی زیاتر لەوبارەوە گیراونەتەوەبەر.
بە گوتەی محەممەد سادق موعتەمدیان، سەرەڕای کەمبوونی ژوورەکانی خوێندن، بەشێک لە قوتابخانەی شارەکان کۆنن و کەڵکی تێدا خوێندنیان نەماوە، قوتابخانە کۆنەکانیش کێشەیان تەنیا بینا نییە و قوتابییەکان کێشەی ئاوی خواردنەوە، هاتووچۆ، گەرمکەرەوە و پاکوخاوێنییان هەیە.
چەند ساڵێکە وەزارەتی پەروەردەی ئێران دەستی بە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان کردووە. بە پێی راپۆرتی رێکخراوی نۆژەنکردنەوە، لە ساڵی 2006دا، نزیکەی 70٪ـی باڵەخانەی قوتابخانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کۆن و بێکەڵک بوون، بەڵام ئێستا بۆ ژێر 20٪ دابەزیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ