بەرپرسی مەکۆی گۆڕان لە کەرکووک: تائێستا یەکلایی نەبووینەتەوە دەنگ بە کام لیست دەدەین

19-11-2023
پەیمان محەممەد
لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان
لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، جگە لە کورد لایەنەکانی دیکە لە کەرکووک باش خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا ئامادەکردووە. بەرپرسی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە کەرکووک دەڵێت، هێشتا یەکلایی نەبوونەتەوە دەنگ بە کام لیست دەدەن، بەڵام خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ یەکێتی زۆرە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-11-2023، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی رێبوار تەها، ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبەکە سەردانی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕانیان لە کەرکووک کرد و دوای تاوتوێکردنی دۆخی شارەکە و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لەگەڵ حەکیم عوبێد، بەرپرسی مەکۆی گۆڕان لە کەرکووک، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان کرد.
 
رێبوار تەها کە هاوکات سەرۆکی هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" ـی یەکێتی و حیزبی شیوعییە، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، ''جگە لە کورد لایەنەکانی دیکە لە کەرکووک باش خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا ئامادەکردووە، گرنگە ئێمەش دەنگمان لە یەکدی نزیک بکەینەوە و پێکەوە بەشدارییەکی کارامان لەم هەڵبژاردنەدا هەبێت.''
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی پێیوایە ''بەشداریکردنی هاونیشتمانییان لە هەڵبژاردندا تەنیا چارەنووسساز نییە، بەڵکو بۆ کورد مان و نەمانە.''
 
وەک رێبوار تەها گوتی، دوای هەڵبژاردن دۆخێکی نوێ لە کەرکووک دێتە ئاراوە و یەکێتی بە شێوەیەکی نوێ کاردەکات، گوتیشی، ''هاووڵاتییان و لایەنەکانیش دڵنیا دەکەینەوە ئێمە نوێنەرایەتیی هەموو لایەنێک دەکەین و دەمانەوێت لەم شارەدا بە عەقڵیەتێکی نوێ و نوێگەرییەوە بچینە نێو دەسەڵات [خۆجێیی] و حوکمڕانییەوە''.
 
بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک لیست و بەربژێری نییە و راستەوخۆ بەشداری هەڵبژاردن ناکات، حەکیم عوبێد، بەرپرسی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە کەرکووک لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، ''ئێمە بۆ خۆمان بەرنامەیەکی چڕمان هەیە بۆ ئەوەی هەرچی دەنگدەر و جەماوەری بزووتنەوەی گۆڕانە لە هەڵبژاردندا بەشدار بن، چونکە ئەم پڕۆسەیە بە لای ئێمەوە پڕۆسەیەکی چارەنووسسازە.''
 
حەکیم عوبێد ئەوەشی خستەڕوو، مەسەلەی کەرکووک مەسەلەیەکی ''نەتەوەیی و نیشتمانی"ـیە و لە مەکۆی کەرکووک کۆبوونەوەیەکی تایبەت پێکدێنن بۆ ئەوەی بڕیار لەوە بدەن دەنگ بە کامە لیست و بەربژێر بدرێت، گوتیشی، ''بەرنامەی یەکەممان ئەوەیە کە هەرچی گوێ لە گۆڕان دەگرێت، لە ماڵ نەمێنێتەوە و بێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان.''
 
رۆژی چوارشەممە، 01-11-2023، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، بڕیارە هەڵبژاردنەکەش لە 18-12-2023، بەڕێوەبچێت.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، کورد بە پێنج لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات؛ یەکێتی و حیزبی شیوعی کوردستان بە هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" بە ژمارە 142؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197؛ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی بە هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک بە لیستی ژمارە 163؛ پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 202 و جووڵانەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە 167 بەشدارن.
 
لە هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا کە ژمارەی کورسییەکانی 41 کورسی بوو، (لیستی برایەتیی کەرکووک) کە لیستێکی کوردستانی بوو 26 کورسی بەدەستهێنا و پارێزگار درایە کورد.
 
بەرپرسی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە کەرکووک گوتی، ''هەر لیست و بەربژێرێک خزمەتی شار بکات، بێگومان ئێمە بۆ سەرخستنی هاوکار دەبین، رەنگە لەگەڵ یەکێتی شتی هاوبەشمان زۆر بێت و ئەمە راستییەکە و کەس ناتوانێت بیشارێتەوە، بەڵام هێشتا یەکلایی نەبووینەتەوە دەنگ بە کامە لیست و بەربژێر دەدەین.''

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە