رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بانگەواز ئاراستەی هاونیشتمانییان و دانیشتووانی دەکات بۆ ئەوەی دژی هەر هێرشێکی تورکیا یەکبگرن، هۆشداریش دەدات کە هەر هێرشێکی لەو جۆرە رووبدات، دەبێتە جەنگێکی درێژخایەن.
هۆشدارییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یەک هەفتە دوای تەقینەوەکەی شەقامی ئیستیقلالی ئیستەنبووڵ دێت کە بووە هۆی کوژرانی شەش کەس و برینداربوونی 80 کەسی دیکە، تەقینەوەیەک کە بەرپرسانی تورکیا دەیخەنە ئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە، بەڵام گەریلا و شەڕڤانان تۆمەتەکە رەتدەکەنەوە.
لە ساڵی 2016ـەوە، تورکیا سێ لەشکرکێشیی گەورەی کردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان و ژمارەیەک ناوچەی بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپە چەکدارە سوورییەکانی نزیک لە ئەنقەرە، کۆنتڕۆڵکردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوەکەی رۆژی شەممەیدا دەڵێت: "لە کاتێکدا کە هەموو دامەزراوەکان رەتیانکردەوە هیچ پەیوەندیێکیان بە تاوانەکەوە هەبووبێت، رژێمی تورکیا سوورە لەسەر تۆمەتهەڵبەستن و درۆکانی،" ئاماژە بەوەش دەکات کە هەڕەشەکانی ئەنقەرە هاوکاتن لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی تورکیا.
لە هەرێمی کوردستانیش، کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند چاودێری "راپۆرتی متمانەپێکراو" دەکات کە ئاماژە بەوە دەکەن، دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری سووریا و باکووری عێراق ئەنجامبدات، کە مەبەست لێی رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستانە.
ئەمریکا پشتیوانیکارێکی بەهێزی شەڕڤانەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریایە کە رۆلێکی سەرەکییان لە شەڕی دژی رێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام - داعشـدا بینی. هەروەها ئەمریکا سەدان سەربازی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە.
تورکیا و واشنتن پەکەکە بە رێکخراوێکی "تیرۆرست"ی دادەنێن، بەڵام لەسەر ناونیشانی شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا ناکۆکن، کە لە شەڕی دژی داعشدا هاوبەشی ئەمریکا بوون.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، ئەگەر تورکیا هێرشیان بکاتە سەر، ئەوا شەڕڤانان "مافی بەرخودان و بەرگریکردن لە ناوچەکانمان دەبێت بە جۆرێک کە ناوچەکە دەباتە نێو جەنگێکی درێژەوە."
رۆژی هەینی، میدیای تورکیا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە گومانلێکراوێکی داواکراویان لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆلی تورکیا لە باکووری رۆژئاوای سووریا دەستگیرکردووە کە دەگوترێت پەیوەندیی بە تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵەوە هەیە.
گومانلێکراوەکە کە بە ناسناوی "حوسام" ناسێنراوە، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە درەنگی شەوی چوارشەممە لە شاری ئەعزاز دەستگیرکرابوو، ئەو شارەی کە لەم کاتەدا لە ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیادایە.
بە دەستگیرکردنی ئەو پیاوە، ژمارەی دەستگیرکراوانی پەیوەندیدار بە تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵ گەیشتە 51 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ