محەممەد عەلی لە پانێلەکەی رووداو: هەرێمێکی یەکگرتوو لە کوردستاندا وەهمە

19-10-2016
گۆڤەند مستەفا
محەممەد عەلی
محەممەد عەلی
نیشانەکردن پانێلی رووداو گۆڕان شەڕی موسڵ
A+ A-

رووداو- هەولێر

سەرۆکی ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند: "هەرێمێکی یەکگرتوو لە کوردستاندا وەهمە، واقیع و فاکت شتێکی دیکەمان پێ دەڵێت"، گوتیشی: "زۆرم پێ سەیرە پرسیارێک بکرێت لە هەرێمی کوردستان، ئای تۆ دەوڵەتت دەوێت یان نا، بەڕاستیدا پرسیارەکە هەڵەیە".


لە پانێلێکدا کە تۆڕی میدیایی رووداو بۆ چوار حیزبی سەرەکی کوردستان کە پێکهاتبوون لە یەکگرتوو، گۆڕان، پارتی و کۆمەڵی ئیسلامی رێکیخستبوو، د.محەممەد عەلی، سەرۆکی ژووری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند: "ئایا ئێمە ترسی ئەوەمان نییە داعشی ناوخۆیی ئایینی بێت یان نائایینی لە دەرئەنجامی ئەو کێشە و ناعەدالەتییە و ئەو هەموو ناشەفافیەتە و ئەو هەموو کێشە ئابووری و سیاسییەی لە کوردستان هەیە سەرهەڵنەدات؟"

لە گوتارەکەیدا سەرۆکی ژووری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان چەند پرسیارێکی کرد و گوتی: "ئایا ئێمە لەڕووی دامەزراوەییەوە ئامادەین بۆ ئەو خواستانە یان ئەو چاوەڕوانیانەی هەمانە لە کوردستاندا؟ ئەگەر ئێمە باس لە سەروەری گەل دەکەین، مەگەر یەکێک لە دامەزراوە هەرە گرنگەکانی لە دونیادا پەرلەمان نییە خەڵک دەنگی پێداوە، پەرلەمانی کوردستان لە کوێیە؟ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چ دۆخێکدا تێدەپەڕێت؟ دەسەڵاتی دادوەریمان بە چ دۆخێکدا تێدەپەڕێت؟ سەرۆکایەتی هەرێممان لە چ حاڵەتێکدایە؟".

بە بڕوای محەممەد عەلی" قسەکردن لەسەر یەکگرتوویی کورد و لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی دەرەوەو ناوەوە، بەبێ دامەزراوە، قسەیەکە تەنها لە فەراغدایە".

سەرۆکی ژووری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: "دوو شت هەیە زۆر گرنگە، سەروەری ناوخۆیی و دەرەکی هەیە، هیچ وڵاتێک و میللەتێک نییە سەروەری دەرەکی بەدەست بهێنێت ئەگەر سەروەری ناوخۆیی نەبێت، ئێمە سەروەری ناوخۆیی بە چی بەدەست دەهێنین، بە دوو شت بەدەستی دەهێنین بە بەهێزکردنی دامەزراوەکانمان، لە هەمووشی گرنگتر چەسپاندنی مافی هاووڵاتیبوونە بە یەکسانی".

محەممەد عەلی دەڵێت: "ئێمە لە کوردستاندا رووبەڕووی پرسیارێکی گرنگ و جەوهەری بووینەتەوە، ئایا کوردستان دامەزراوەکانی، سەرچاوە داراییەکانی سەر زەوی و ژێر زەوی، موڵکی گرووپ و تاقمێکە یان موڵکی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، ئێستا لە کوردستان ململانێیەکە لەنێوان ئەو دوو ئەقڵیەتەدایە، ئەقڵیەتێک پێیوایە کوردستان موڵکی گرووپ و بنەماڵەیەک و حیزبێک و نوخبەیەکە، ئەقڵیەتێکی دیکە پێیوایە نەخێر کوردستان مولکی هەموو هاووڵاتیانی کوردستانە بەبێ جیاوازی ئایینی و سیاسی و حیزبی و ناوچەیی".

خاڵێکی دیکە کە بەلامانەوە گرنگە، وەک محەممەد عەلی دەڵێت، پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە، ئەو دەڵێت: "ئاسایشی هەرێمی کوردستان دوو رەهەندی هەیە، ئاسایشی ناوخۆیی لەگەڵ ئاسایشی قووڵ، داعش ئەگەر لەڕووی سەربازییەوە وەکو هێزێکی دەرەکی ئەگەر لەناویش بچێت، ئایا چ گەرەنتییەک هەیە، ئێمە چۆن توانیمان دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین، چۆن دەتوانین رێگر بین لەوەی سبەی داعش لەناو هەرێمی کوردستاندا نەبێت بە مایەی مەترسی لە تەقاندنەوەو شەڕی پارتیزانی لە دروستکردنی گرووپی بچووک بچووک لێرەو لەوێ".

هەروەها دەپرسێت: "ئایا دەزگای ئاسایش و دەزگای پێشمەرگەمان بەقەد ئەوەندە بەهێزە، دەزگای پۆلیسمان ئەوەندە بەهێز و یەکگرتوو و نیشتمانییە، کە ئێمە بتوانین ئەم هەڕەشەیە لە دواڕۆژدا رووبەڕوومان نەبێتەوە".

خاڵی دووەم لەڕووی ئاسایشەوە بەبڕوای ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان"ئاسایشی قووڵە، ئاسایش تەنیا ئەوەندە نییە لە چوارچێوەی سنووری خۆتدا بیپارێزیت، ئاسایشی قووڵ ئەوەیە، لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆشت هەوڵبدەیت جارێکی دیکە ئەو هێزانەی دەبن بە هەڕەشە بۆسەر و ناو سنووری هەرێمی کوردستان، نەبن بە هەڕەشە، ئایا تا چەند لەڕووی ستراتیژی قووڵەوە کار بۆ ئەوە دەکەین ئەو هێزانە لە سنووری هەرێمی کوردستانەوە دووربن، تا چەند کارمان کردووە ئەم هێزانە دوورتر بن لە هەرێمی کوردستان".

محەممەد عەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بە مۆنۆپۆلکردنی پرسی سەربەخۆیی بە مەترسیی دەزانێت و دەڵێت: "ئێستا گوتارێک هەیە باس لە دەوڵەت و چارەنووس و مافی سەربەخۆیی دەکات، لە راستیدا بابەتێکی گرنگە، مۆنۆپۆلکردنی ئەو گوتارە لەلایەن لایەنێکی سیاسییەوە مەترسییە، چونکە ئەمە موڵکی هەموو هاووڵاتییەکی کوردستانە، زۆرم پێ سەیرە پرسیارێک بکرێت لە هەرێمی کوردستان، ئای تۆ دەوڵەتت دەوێت یان نا، لەڕاستیدا پرسیارەکە هەڵەیە".

ئەو گوتی: "لە 2005 ریفراندۆم کراوە، 98.8%ی خەڵکی کوردستان بە بەڵێ دەنگی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان داوە، ئێستا لە 2016 کۆمەڵێک لایەنی سیاسی بخرێتە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە، ئایا تۆ لەگەڵ سەربەخۆیی یان نا، پرسیارەکە هەڵەیە، دوای ئەوە دەوڵەتیش بە هەراو هۆریا لە فەراغدا دروست نابێت، دەوڵەت لەسەر ئەرزی واقیعدا دروست دەبێت، چ دەوڵەتێک هەیە لە فەزادا دروست ببێت؟

سەرۆکی ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "لەڕووی سیاسییەوە دەوڵەت چوار پایەی هەیە، دەوڵەت ئەوەیە کە خەڵک، سنوور، دەسەڵات و سەروەریی هەبێت، ئێمە تەنیا کێشەی سەروەریمان نییە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت، کێشەی دەسەڵاتیشمان هەیە، ئایا بەڕاست لە هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتێکی یەکگرتوو هەیە، ئایا ئێمە هەرێمێکی یەکگرتوومان هەیە؟".

هەرێمێکی یەکگرتوو لەڕووی ئابووری، سیاسی و ئیدارییەوە بەگوتەی محەممەد عەلی "وجودی نییە، هەرێمێکی یەکگرتوو لە کوردستاندا وەهمە، بەداخەوە ئەوە دەڵێم، بەڵام واقیع و فاکت شتێکی دیکەمان پێ دەڵێت، ئەوەی کە ئێمەش دەمانەوێت بیڵێین، شتێکی دیکەیە".

ئێوارەی چوارشەممە 19-10-2016 لە چوارچێوەی پانێلێكدا و لە دووەمین كۆنفرانسی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو لە هەولێر، چوار سەركردەی دیاری لایەنەكانی پارتی، گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵ رەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان و رێگەچارەی كێشەكانیان تاووتوێ‌ کرد.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە